سەرۆکی ئەمریکا یەکەم ھەنگاوی نا بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ

KNN : Kurdish News Network
12:02 - 05/09/2025
کوردستان
+
-

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی (پنتاگۆن) بۆ وەزارەتی جەنگ، لەبەرئەوەی سیمایەکی توندتر بە سوپا بدات، فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژو دەکات.

 

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی، بە میدیای ئەمریکی ڕايگەیاند ترەمپ کۆبونەوەیەک لەم بارەیەوە ئەنجام دەدات و ئەو واژوەش دەکات.

 

بەپێی یاساکانی ئەمریکا، ترەمپ ناتوانێت بەبێ یاسایەک کە لە کۆنگرێسەوە دەربچێت ناوی وەزارەتی بەرگریی بگۆڕێت. لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت بە واژوو کردنی فەرمانێکی سەرۆکایەتی لەلایەن ترەمپەوە، هەموو پرۆسەکانی پەیوەندیدار بە گۆڕینی ناوی وەزارەتەکە بۆ وەزارەتی جەنگ دەستپێبکات و پنتاگۆن ئامادەکاریی پێویست ئەنجام بدات.

 

لە بەرنامەی ڕۆژانەی کۆشکی سپیدا کە بۆ ڕاگەیاندنکاران نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە ترەمپ پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەیینی ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

لە ساڵی ١٧٨٩دا کە دەستووری ئەمریکا کاریپێکرا، وەزارەتی جەنگ دامەزرا، پاش دوو ساڵ لە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، بە یاسایەک کە لە ساڵی ١٩٤٧دا دەرچوو، ناوی وەزارەتەکە گۆڕدرا بۆ وەزارەتی بەرگریی.

101 جار خوێندراوەتەوە