ئەمڕۆ هەینی، رێڕۆی پێشمەرگە
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کرایەوە، مەسعود بارزانی
لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان".
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن
شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕۆی پێشمەرگە" ئەوەش وەک وەفایەک بۆ رۆڵی
پێشمەرگە لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان؛ رێڕۆکە لەنێو پارکی ئەندرێ سیترۆندایە
لە ناوەڕاستی شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.
لە وتارێکدا مەسعود بارزانی رایگەیاند؛ "جەخت دەکەمەوە کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوەژیانە
و پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە پاراستنی کوردستان و عێراق، بەشێکی فەرمییە لە دامەزراوەی عێراق و ئەرکی پیرۆزی خۆی جێبەجێ دەکات.
بارزانی ئاشکراشی کرد، پێشمەرگە بە تەنها 12 هەزار شەهید و برینداری هەبوو لە شەڕی داعشدا، ئەمەش شانازییەکە بۆ گەلی کورد.
لای خۆشیەوە ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس لە وتارێکدا وتی: لە شەڕی داعشدا، پێشمەرگە پارێزگاری لە هەموو جیهان کرد.
وتیشی، بە کردنەوەی ئەم شەقامە، ویستمان بیرەوەری پێشمەرگە لە دڵی پاریس هەڵبگرین، دەمانەوێت کوردستانێکی بچووک لە پاریس دروست بکەین.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی
شارەوانیی پاریس لە وتاری کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگەدا ستایشی رۆڵی هێزەکانی
پێشمەرگەی کوردستانی کرد و وتی: پێشمەرگە سیمبولی شەڕی دژی داعش بوە لە جیهاندا.
150 جار خوێندراوەتەوە