کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبرێتە بەردەم دادگا

KNN : Kurdish News Network
11:37 - 03/09/2025
کوردستان
+
-

ماوەی چەند مانگێکە کێشەکانی نێوان بەغدا وهەولێر چارەسەر نەکراوە و یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ پرسی داهاتی ناوخۆیی کە زۆر لەیەک دوورن وبڕیارە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پرسەکە ببرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی.

هەواڵ: KNN


ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی هەناردنەکردنەوە نەوت وداهاتی ناوخۆ گەیشتوەتە لوتکە و تا دێت لە رێککەوتن دوورتر دەبنەوە بەجۆرێک تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرەتای مانگی 9 دان و موچەی مانگی 6 وەردەگرن و چارەنوسی مووچەکانی دواتر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە 2ی ئەیلول شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت بچنەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کۆببنەوە، بەڵام دواکەوت بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە. 

ئامانجی کۆبوونەوەکە، رێککەوتنە لەسەر پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، چونکە تا ئێستا هەندێک لەکۆمپانیاکان ڕازی نین بەبێ ڕێککەوتنی نووسراو هەناردەی نەوت دەسیپێبکەنەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکان بابەتی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم یەكێكە لە كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم.

بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق داوای %50ی تێكڕای داهاتی ناوخۆی هەرێم دەكات وەك پشكی عێراق لە داهاتی ناوخۆ، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت تەنیا %50ی ئەو داهاتە ناوخۆییانە بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە كە لە تەواوی شارەكانی عێراق لە هاوڵاتیان وەردەگیرێن و لای هەرێمەوە ناونراوە داهاتی فیدڕاڵی.

لە هەرێمی كوردستان 74 جۆر داهاتی ناوخۆیی هەیەو لە عێراق تەنیا 11 جۆر داهاتی ناوخۆ هەیە. بۆیە هەرێم دەیەوێـت تەنیا داهاتی ئەو 11 جۆر داهاتە بگەڕێنێـتەوە بۆ عێراق كە لە بەغدا وەردەگیرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان لەسەر ئەو بابەتە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان لیژنەكانی هەولێرو بەغدا، بۆیە بڕیاردراوە ئەو كێشەیە ببرێتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی و ئەو دادگایە بەشێوەیەكی یاسایی ئەو دۆسیەیە یەكلایی بكاتەوە كە بزانرێت كام جۆری داهات پەیوەندی بە عێراقەوە هەیەو دەبێت هەرێم بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.



174 جار خوێندراوەتەوە