بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی هێزەکانیان لە ناوچەی سەوزی
عێراق ناکشێنەوە و هۆکاری ئەو بڕیارەشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە لەسەر
داوای حکومەتی عێراقی بووە.
هەواڵ:
دوای ئەوەی بڕیاربوو هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی
عێراق بکشێنەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلولی 2025 بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکی لە
چاوپیکەوتن لەگەڵ کەناڵی (الحدث) رایگەیاند کە " وڵاتەکەی پابەندە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە
عێراقییەکان، لە چوارچێوەی هاوکاری بەردەوام لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی".
ئاشکراشی کرد کە نەکشانەوەی هێزەکانیان لەسەر داوای
حکومەتی عێراق بووە و هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق
و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی دژە داعش بڵاوەپێدەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە،
"کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێت".
بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بێت کە لە ساڵی 2024
واژۆکراوە، قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناو هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن لە مانگی ئەیلولی 2025 کۆتایی دێت و
قۆناغی دووەمیش لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت.
602 جار خوێندراوەتەوە