وەزارەتی دارایی
و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكیدا ئاشكرایكردوە كە موڵك و ماڵەكانی كۆمپانیاكانی نالیا و چاڤی دەخرێنە موزایەدەوە.
هەواڵ: KNN
وەك
لەروونكردنەوەكەدا هاتوە؛ پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو
کردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی
سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا
و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام
وەک تێبینی دەکرێت لە هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ بوونی زانیاری
دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو
دەکرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای
ئەم ڕوونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بخەینەڕوو.
١- بابەتی
دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی
داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرامبەر
کۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا
لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی
ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
٢- ئەو
موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار
بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان
بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی
واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک
تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا
و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.
٣- مێژووی
وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٠ ، ۲۰۱۱ ) کە
ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو
کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی ۲۰۱٥ وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر
دەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی ۲۰۲۱ دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و ڕێکاری یاسایی
پێویست گیرایەبەر .
٤- لەبەرامبەر
وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک
گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کەدووجار یاسا
شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام
بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ
شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی
ئاشکراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی
زەویەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆرو کاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە
ڕاست کرانەوەو دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر
موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا ڕێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان
بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی
(٦٠ ) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .
جەختیشكراوەتەوە"كە وەزارەتی دارایی پاڵپشت
بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی
یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن
و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان،
سەرجەمیان ڕێکاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە
گیراوە کەکاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی
ڕابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە ( ١١٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو دە ملیار دینار دەست
بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر
لە ( ٢٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە
بۆ خەزێنەی گشتی.
176 جار خوێندراوەتەوە