سزای لەسێدارەدانی بکوژی ڕەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحی دوای 7ساڵ، لە
زیندانی ناوەندی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکرا.
هەواڵ:KNN
تەیب زەبیحی، کوڕی کەیوان زەبیحی راگەیاند" رۆژی یەکشەممە
31-08-2025، بکوژی کەیوان زەبیحیی باوکی و رەحیم زەبیحی مامی، لە زیندانی ناوەندی
سنەی رۆژهەلاتی کوردستان لەسێدارەدرا".
لەبارەی ناسناوی تاوانبارەکە تەیب
زەبیحی ئاشکرا دەکات کە "تاوانبار خزمێکی خۆمان بووە، ساڵی 2018 بەهۆی کێشەی
داراییەوە باوکم و ماممی سوتاند و هەر بەم هۆیەشەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەر
زو تاوانەکە ئاشکرا بوو و تاوانبار دەستگیرکرا".
ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای دەرەچونی سزای لەسێدارەدان، دوێنێ سزاکەی لە
زیندانی ناوەندی شاری سنەی رۆژهەلاتی کوردستان جێبەجێکرا.
لە 07-12-2018 رەحیم زەبیحی و براکەی بەناوی کەیوان زەبیحی، لەناو
ئۆتۆمبێلەکەیان بە سوتاوی دۆزرانەوە، سەرەتا گومان دەکرا کە روداوی هاتوچۆ بێت،
بەڵام دواتر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە.
دوای 24 کاتژمێر ئەکبەر عەباس پور، خزمی ئەو دوو برایە لەلایەن
پۆلیسەوە دەستگیر کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا.
رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی و بنەماڵە
ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
زەبیحی، سینەماکار و دەرھێنەرێکی ناوداری کورد لە دایکبووی ساڵی 1971،
شاری بانەیە و چەندین کاری دەرھێنانی ھەبووە، دیارترینیشیان کورتە فیلمەکانی ھاوار،
سەتەلایت، کۆتایی شەڕ، ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران، ساتە مەزادکراوەکان، تیرۆریستێک
دادەبەزێ، رۆژی دوایی، ئیسترێس، سەمای ڕەنگەکان، ژانی دابڕانی ئەبەدی، فیلمی وڵاتی
ئەفسانەن.
لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای کۆمیدی
"ماڵەكەی مەعروف" ناسرا، كە بینەرێکی زۆری هەبوو لە هەرێمی کوردستان،
هەردوو ئەکتەری کۆمیدی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکییان لە درامەکەدا
بینیوە.
2697 جار خوێندراوەتەوە