دوای ساڵانێک لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، ئەمڕۆ سوریا دەست
پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاندەوە
هەواڵ: KNN
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی وزەی سوریا
، بارەکە بە 600 هەزار بەرمیل نەوتی قورس مەزەندە دەکرێت، لە بەندەری تارتووس لە
باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەوە بە کەشتی تانکەری "نیسوس کریستیانا" بۆ کۆمپانیای
"پی سێرڤ ئینێرجی" نێردراوە.
بەپێی بڵاوکراوەی وەزارەتەکە، "ئەم هەنگاوە دەبێتە
هۆی بەهێز بوونی سوریا لە بازاڕەکانی نەوتی دەرەوە"، ئاماژەی بەوەشکردوە، هەنگاوێکی
گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی نەوت و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی سوریا دوای زیاتر
لە دە ساڵ لە وێرانکارییەکانی بەهۆی شەڕەوە دوای ئەوە دێت ئەمریکا کۆتایی بە باری نائاسایی بۆ سوریا هێنا و سزاکانی
لابرد.
لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
سزای دەیان ساڵەی سەر سوریای هەڵگرت، کە لە ساڵانی 2004 و 2011 سزاکان توندترکرایەوە، هاوکات
یەکێتی ئەوروپا لە مانگی ئایاردا سزا ئابوورییەکانی سەر دیمەشق کە مابوو هەڵیگرت.
جێی باسە، پێش دەستپێکردنی شەڕ لە سوریا لە ساڵی 2011 سوریا
ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا. هەناردەی نەوتی خاو لە سوریاوە لە
ساڵی 2002دا گەیشتە لوتکە و نزیکەی 380 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بو، بەڵام بەرهەمهێنان
دابەزی و نزیکەی وەستان بوەوە، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە.
981 جار خوێندراوەتەوە