فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرای دەکات کە هێزەکانیان
ئامادەن بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو، وتیشی" هەوڵدەدەین بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ
و کار بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتی لامەرکەزی دەکەین"
هەواڵ:KNN
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە
لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هێزەکانمان بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو
ئامادەیە"، و لە هەمان کاتدا سوربوونی خۆی لەسەر هەوڵەکانیان بۆ دورکەوتنەوە
لە شەڕ دووپاتکردەوە.
مەزڵوم عەبدی وتیشی" لەم قۆناغە نوێیەدا کار بۆ پاراستنی
دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەکەین و ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، بەڵام
هەوڵدەدەین ڕێگە لە شەڕ بگرین".
فەرماندەی گشتی ( هەسەدە) جەخت
لەوە دەکاتەوە سەرەڕای رێکەوتنی ئاگربەست و ئارامی رێژەیی لە باکوری رۆژهەلاتی
سوریا بۆ چەند مانگ، بەڵام مەترسی
دەستپێکردنی هێرشی نوێ هێشتا ماوە، و وتیشی" هەوڵدەدەین دەستکەوتەکان لە ڕێگەی سیاسەت و گفتوگۆوە بپارێزین، سەرەڕای
ئامادەییمان بۆ هەموو ئەگەرەکان".
عەبدی دووپاتی کردەوە کە سوریا
بۆ پێش ساڵی 2011 ناگەڕێتەوە، و کاتی ئەوە هاتووە سوریایەکی فرەیی، دیموکراتی، و
لامەرکەزی بنیاد بنرێت، کە هەموو پێکهاتەکان شوێنی خۆیان تێدا بدۆزنەوە و دەشڵێت"
ڕێککەوتنی 10ی ئادار بەچوارچێوەیەکی گونجاو بۆ هەموو گەلان بۆ ڕۆیشتن بەرەو
چارەسەرێکی سیاسی قۆناغ بە قۆناغ دەزانین".
172 جار خوێندراوەتەوە