گەرما کۆتایی هات و کەشوهەوای پاییزی دەستپێدەکات

KNN : Kurdish News Network
01:29 - 01/09/2025
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پیشبینییەکانی بۆ کەشوهوای رۆژانی داهاتو دەخاتەڕو و جەخت لەوەدەکاتەوە کە گەرمای تاقەت پرۆکێنی هاوینە کۆتایی دێت و لەدەوای 21ی مانگ قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات.

هەواڵ: KNN

رۆژی دوشەممە 1ی ئەیلولی 2025 محەمەد کەمال شارەزای کەشناسی لە بەرنامەی رادیۆی گۆڕاندا رایگەیاند" لە قۆناغی سەختی گەرما تێپەڕیوین و لە کۆتا ساتەکانی وەرزی هاوینداین  وبۆ ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە هەرێم 4 پلە دابەزیون بە جۆرێک بەرزترین پلەکانی گەرما لە گەرمیان 41ی پلەی سیلیزی تۆمار کراوە".

 

ئەو کەشناسە ئاماژە بەوەدەکات کە دو شەپۆلێکی فێنک روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە وبارستە هەوای گەرم لە ناوچەکە کۆتایی دێت ورۆژ بەدوای رۆژ پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن. 

 

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو محمەد کەمال وتی" پێشبینی ناکرێت پلەکانی گەرما لە ئاستی بەرزدا بمیننەوە و روو لەدابەزین دەکەن ودوای 21ی مانگ ناوچەکەمان پێدەنێتە وەرزێکی نوێ کە وەرزی پاییزە و لەدوای ئەو وادەیە لە شەودا پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخەواییەکانی هەرێم لەخوار 25 دەبن ولە رۆژیشدا ژێر 40پلە تۆمار دەکرێت".

 

راشیگەیاند" یەکەم باران لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی 10 و 11، دەستپێدەکات و بە گشتی لەدەوای 5ی مانگی 11، بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە دوای ئەو وادەیە بارانبارین زۆرتر دەبێت

 

وتیشی: پیشبینی دەکەین  وەرزی بارانبارینێکی باشمان هەبێت ".

 

محەمەد کەمال راشیگەیاند کە " لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما چالاکی بای باشوری خۆرئاوا زیاتر دەبێت و ئەوەش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی تۆز بە تایبەت لە ناوچەی سنورییەکانی عێراق کە لەمساڵدا پانتاییەکی زۆر خۆڵی پەیدا کردووە".

لەبارەی ئەگەری دوبارە دروستبونی خۆڵبارین لە ناوچەکانی هەرێم  ئەو شارەزایەی کەشناسی جەختی لەوەکردەوە کە لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ خۆڵبارینی چڕ لە هەرێم و رەنگە لە رۆژانی داهاتوو ئاسمانی هەرێمی کوردستان کەمێک تۆزو خۆڵی پێوە دیار بێت.

2330 جار خوێندراوەتەوە