مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆبونەوە..

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 26/08/2025
کوردستان
+
-


دوای کۆبونەوەیان بەجیا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمەریکا، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع پێکەوە کۆبونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجام داوە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان تاوتوێ کردوە.

هەواڵ:KNNC


شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرکردایەتی تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و بە یاوەریی جین شاهین، سیناتۆری ئەمریکیی و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی کۆبونەوە.



سەرەتا شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبوەوە و جەختیان لە گرنگی  و بەرز ڕاگرتنی مافی سورییەکان لە هەمو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان کرد.

بە شێکی دیکەی گفتوگۆکەیان پەیوەست بوە بە بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی سوریا، لێ پرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئاشتی و ئاشتەوایی، خۆشگوزەرانی ئابوریی و ئاوەدانکردنەوەی سوریا دوای شەڕ.

دواتر شاندەکە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبونەتەوە  و جەختیانکردوەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سوریا کردەوە.

 لای خۆیەوە  جین شاهین، گەورە سیناتۆری ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی بۆ مەزڵوم عەبدی دوپات کردوەتەوە.

لە پاش ئەم کۆبونەوانە، دواتر هەریەک مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، پێکەوە کۆبونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجام داوە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان تاوتوێ کردوە.


102 جار خوێندراوەتەوە