بزوتنەوەی
گۆڕان لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، یانزە ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی
ئێزیدییەکان لە شهنگال تێدەپەڕێت، تێپەڕینێک؛ نە تاوانەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
بە جینۆساید ناسراوە، نە برینی خوشک و برا ئێزیدییەکان ساڕێژکراوە، نە دەستی
ئاوەدانی گەیشتە ناوچەکەیان.
دەقی
ڕاگەیندراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:
کارەساتی
جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان لە (3ی ئابی2014)، کە بووە هۆی کۆمەڵکوژ و
گولەباران و زیندەبەچاڵکرانی هەزاران و، لەگەڵیدا ژمارەیەکی زۆر لە کچ و ژنی
ئێزیدی ڕفێنران و خرانە بازاڕی کڕین و فرۆشتن و هەزارانیش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ
مانەوە.
مایەی
نیگەرانیە، ئەم کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقی نەناسێندرا، جگە
لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا، کە بە فەرمی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان ناساندوە،
وڵاتانی دیکە و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئەم تاوانە
گەورەیەیان فەرامۆش کرد.
هاوکات، لە
ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، خەڵکی شەنگال و خوشک و برا ئێزیدییەکان تائێستا
قوربانین و بەشێوەیەکی کرداری بەپیر خواست و داخوازییەکانیان نەهاتون، دوای ئەو
تاوانە خەڵکەکەی قەرەبوونەکراونەتەوە و دۆخی ژیان و ئاسایشی ناوچەکە ئاسایی
نەکراوەتەوە، ئەمە جگەلەوەی بە هەزاران ئێزیدی کە ئاوارەبوون نەگەڕێندراونەتەوە
سەر زێدی خۆیان.
ئێمە لە
بزوتنەوەی گۆڕان، لەکاتێکدا خەم و ئازاری خوشک و برا ئێزیدییەکان بە
بیردەهێنینەوە؛ داوا دەکەین هەرچی زووە چارەنوسی بێسەرشوێنەکان دیاری بکرێت و
ئەوانەی لە ژیاندا ماون؛ بگەڕێنەوە بۆ ناو ئازیزان و خزم و کەسوکاریان.
بزوتنەوەی
گۆڕان
3ی
ئابی 2025
154 جار خوێندراوەتەوە