میدیاکانی فەڵەستین بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ 21 کەس بەهۆی هێرشی سوپای
ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بون
هەواڵ:KNNC
سەرچاوە پزیشکییەکانی فەڵەستین ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاندوە: لە بەیانی ئەمڕۆوە 21 کەس لە ئاکامی هێرشی سوپای ئیسرائیلدا کوژراون، کە
زۆربەیان چاوەڕوانی هاوکارییە مرۆییەكان بون.
هاوکات تەندروستی غەزەیش بڵاویکردۆتەوە؛ لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا
حەوت کەسی دیكە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی "سەفا" ڕایگەیاندوە: " لە
نزیک ناوەندێکی هاوکاری لە باکوری شاری ڕەفح لە باشوری کەرتی غەززە لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل شەش هاوڵاتی
گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 40 کەسی
دیکەش برینداربون."
ئاماژەی بەوەشکردوە: "پینج هاوڵاتی دیكە شەهید بون و ژمارەیەکی
دیکەش بریندار بون، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی هاوکاری
بون لە نزیک میحوەری نێتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە".
ئاژانسەکە باسی لەوەشكردوە، بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی داگیرکەر بۆ سەر
کۆمەڵێک هاوڵاتی لە دەوروبەری کەنیسەی دێری لاتین لە شاری غەززە هاوڵاتییەک گیانی
لەدەستدا و دوانی دیکەش برینداربون، هەروەها بریندارێكی دوێنێش گیانی لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ نەخۆشخانەی عەودە بڵاویکردۆتەوە "چوار شەهید و 13 بریندار گەیشتونەتە
نەخۆشخانەکە، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبونەوەی هاوڵاتیان لە نزیک خاڵێکی
دابەشکردنی هاوکارییەکان لە باشوری ناوچەی دۆڵی غەززە لە ناوەڕاستی کەرتەکە."
61 جار خوێندراوەتەوە