لە 24 کاتژمێری رابردودا،
سوپای ئیسرائیل، بە چڕی بۆردومانکردنی غەززەی دەستپێکردوە، 150 شوێنیان بۆردومان کردوە و بەهۆیەوە 139 کەس
کوژراون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش
بریندار بون.
هەواڵ: KNNC
ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل
ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردودا، 150 پێگەیان لە کەرتی غەززە بۆردومان کردوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ ئەو شوێنانەی کرانەتە ئاماج،
چەکدارانی حەماس، باڵەخانە بەکارهاتوەکان لەلایەن حەماسەوە، کۆگای چەک، شوێنەکانی
هەڵدانی موشەکی دژە تانک و قەناس بەدەست، هەروەها شوێنی بۆمبی چێندراو و ژێرخانی دیکە.
لە بەرامبەردا سەرچاوە پزیشکییەکانی غەززەش، پشتڕاستیان
کردوەتەوە، بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تەنها لە 24 کاتژمێری رابردودا، 139 کوژراو
425 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا تۆمار کراون.
ئاماژەیان بەوەشداوە، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر باڵەخانە روخاوەکاندا و تیمەکانی تەندروستی و بەرگری
شارستانی تا ئێستا نەیانتوانیوە دەستیان پێیان بگات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای شەڕەکەوە و لە 7ی تشرینی یەکەمی
ساڵی 2023ەوە، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەشتوەتە 58
هەزار و 26 کوژراو،138 هەزار و 520
بریندار و بەردەوام ئەم ژمارانەش زیاد دەکات.
87 جار خوێندراوەتەوە