وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند سەرپێچیکارانی رودای قەزای خەبات سزا دەدرێن.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتی ناوخۆ راگەیندراوێكی لەسەر روداوەکەی خەبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند
کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای
هەولێر دروست بو، کە بە داخەوە بوە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی.
راشیگەیاند: بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی
ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زو ئەو کێشەیە سنوردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی
دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و
سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: داوا لە خەلکی ناوچەکەش دەکەین
بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی
بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو
دەڤەرە.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد: لەوەشئارامی و ئاسایشی هەموو
ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک
نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم
دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنتەوە.
115 جار خوێندراوەتەوە