ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست: ئەمەریکا بەهێرشەکانی بیانوی دایە ئێران تا ببێت بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی

KNN : Kurdish News Network
04:44 - 05/07/2025
جیهان
+
-



ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئەوروپا ڕایگەیاندوە، کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دواخستوە، بەڵام بە هەمیشەی لەناوی نەبردوە، ئەمەش وایکردوە ترسیان هەبێت ئێران بە ڕیگەی دیکە هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بدات.

هەواڵ:KNNC

 ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەوروپییەکان نیگەرانن لەوەی کە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنە لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە داهاتویەکی نزیکدا ئەستەمە.

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی؛ "بەرپرسانی ئەوروپا دەڵێن، بۆ سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕێککەوتنێک پێویستە، بەڵام ئەگەری ئەم کارە زۆر کەمە".

بە پێی ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست، کاربەدەستانی ئەوروپا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دانوستان لەگەڵ تاران  تاکە ڕێگای چاودێری و سنوردارکردنی چالاکییە  ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام پێیان وایە کە هێرشەکانی ئیسرائیل و پاشان ئەمەریکا هاندەرێکی نوێی بۆ ڕێژیمی ئێران دروست کردوە کە بە نهێنی بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ئەوروپی، کە ویستیان بوە ناویان ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان دڵنیان، هێرشەکانی ئەمەریکا کەشوهەوای تارانی گرژ کردوە و ڕەنگە بیانویەک بداتە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات کە باشترین ڕێگری لە هێرشکردنە سەر  ئێران  دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە.

ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترامپ لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە "هیچ شتێک پێشکەش بە ئێران ناکات" و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناکات، چونکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەناوچون، دوای ئەم لێدوانەی ترەمپ جارێکی دیکە باسی ئێرانی کردەوە و ئامادەی ئەمەریکای بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.



285 جار خوێندراوەتەوە