پنتاگۆن: تێچووی شەش رۆژی شەڕەکە 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

KNN : Kurdish News Network
10:07 - 12/03/2026
جیهان
+
-

بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمی شەڕ لە دژی ئێران تێچووەکانیان 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بۆ بەردەوامیدان بە شەڕەکەش داواکراوە بودجەی وەزارەتەکە بە بڕی 50 ملیار دۆلار زیاد بکرێت.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، بەرپرسانی پنتاگۆن ئاماژەیان بەوەکردووە کە تێچووی ئۆپراسیۆنەکانیان لە دژی ئێران تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمدا 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
لەو بڕە وەک پێشتر بڵاوکرابووەوە تەنیا بۆ دوو رۆژی یەکەمی شەڕەکە بڕی 5 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لە چەک و تەقەمەنیدا خەرجکرابوو.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی بەنیازە بە مەبەستی پڕکردنەوەی تێچووەکانی شەڕەکە، داوا لە کۆنگرێس بکات رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بودجەیەکی زیادەی سەربازی بە بڕی 50 ملیار دۆلار دەرببڕێت.
لە بەرەبەیانی 28ی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی چڕیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و بەهۆی کاردانەوەی تاران ئاگری شەڕەکە بەرۆکی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و تائێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە بەدیناکرێت.

51 جار خوێندراوەتەوە