تاران و واشنتۆن كۆدەبنەوە... راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرامبەر هەڵگرتنی سزاكان

KNN : Kurdish News Network
07:34 - 28/06/2025
جیهان
+
-

لەچەند رۆژی داهاتودا نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، كۆدەبێتەوە.


هەواڵ: (KNNC)


کەناڵی (NBC NEWS) رایگەیاند: بەمەستی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان تاران و واشنتۆن، بڕیار وایە لەچەند رۆژی داهاتودا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، كۆببێتەوە.


رونیكردوەتەوە، كۆبونەوەكە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ئەتۆمییەکان، تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستوییەی دانوستنانەكانی راگرتوە هەروەها كردنەوەی كەناڵە راستەوخۆكانی نێوان واشنتۆن و تارانە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریكا.


لە بارەیەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەربڕی، هەروەها داواشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە قسە لەسەر وڵاتەكەی و خامنەیی کەم بکاتەوە.


پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەكردبو، هەفتەی داهاتو گفتوگۆ لەگەڵ ئێران  ئەنجام دەدرێت.


لای خۆشیەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردو رایگەیاند:  ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندی نزیکدایە لەگەڵ ئێرانییەکان، بەڵام لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەسەر  بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە.


بڕیار بو لە رۆژی (15ـی حوزەیرانی 2025) خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە عومان بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، كۆبونەوە ناڕاستەوخۆكە هەڵوەشایەوە.

332 جار خوێندراوەتەوە