ئەمڕۆ 34ـهەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 17/05/2025
عێراق
+
-

ئەمڕۆ34هەمین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوە دەچێت، بۆ ڕوماڵی لوتکەکەش زیاتر لە 380 ڕۆژنامەنوسی بیانی و عەرەبی گەیشتونەتە بەغداد.

 

 

هەواڵ:KNNC

 

 

34هەمین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆ لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، ئەمە چوارەم جار دەبێت عێراق پێشوازی لێ بکات و تائێستا 381 رۆژنامەنوسی بیانی و عەرەبی گەیشتونەتە بەغدا بۆ ڕوماڵی لوتکەکە.

 

 

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەستنی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد، جەخت لەو راستییە دەکاتەوە کە عێراق رۆڵی بەرچاوی لە پێشخستنی ناوچەکە هەیە و دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوی عەرەبی سەبارەت بە پرسە جیاجیاکان.

 

 

لەلای خۆشیەوە، باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: لوتكەی بەغداد یەكێك دەبێت لە گرنگترین لوتكەكان و تێیدا تاوتوێی سەرجەم ئاستەنگەكانی غەزە، كەرتی ڕۆژئاوا، سووریا و لوبنان دەكرێت.

 

 

عەوادی ئاشکرای کرد، عێراق 18 دەستپێشخەریی ئامادە كردوە، کە لە لوتکەکەدا دەخرێنەڕو لە نێویاندا دەستپێشخەرییەک بۆ دروستکردنی سندوقیکی هاریکاری بۆ غەززە هەیە.

 

 

حەیدەر مەجید، ئەندامی لیژنەی راگەیاندنی لوتكەی بەغداد رایدەگەیاند: بۆ بایەخدان و ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەکە پلاتفۆڕمێکی ئەلکترۆنی دامەزراوە کە هاوکاری میدیاکان دەبێت بۆ گواستنەوە و ڕوماڵکردنی لوتەکەی وڵاتانی عەرەبی.

 

 

لە لوتکەکەدا باس لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و ئاڵنگارییە سیاسییەکانی ناوچەکە دەکرێت، جگە لە پرسەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، هاوکاری ئابوری و یەکگرتن لە بەرامبەر قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

 

 

لە یەکەم دانیشتنی لوتکەدا، کە لە کۆشکی حکومەت لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، شاندی شانشینی بەحرەین، سەرۆکی لوتکەی پێشو، وتارێک پێشکەش دەکات دوای ئەوە وتە و پۆستی سەرۆکایەتی لوتکە رادەستی عێراق دەکات.

 

هەر ئەمڕۆ، دوەم دانیشتنی سەرەکی پێنجەمین لوتکەی گەشەپێدانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت، کە بە وتارێکی لوبنان سەرۆکی پێشوی لوتکەکە دەستپێدەکات، دواتر سەرۆکایەتی و وتە رادەستی عێراق دەکرێت، کە سەرۆکی ئێستای لوتکەیە.

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش، كۆنگرەی لوتکەی عەرەبی بە سێیەمین دانیشتنی گشتی کۆتایی دێت، دواتر وتاری كۆتایی سەرۆكایەتی كۆنگرە لوتکە پێشكەش دەكرێت، بەدوایدا وتەی سەرۆکایەتیی لوتکەی ٣٥ی داهاتو وتارێک پێشکەش دەکات، پاشان چالاکییەكان بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆتایی دێت.

185 جار خوێندراوەتەوە