گۆڕان پرسەنامەیەک ئاراستەی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بنەماڵەی ساڵح موسلیم دەکات
گۆڕان سەرەخۆشی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
پرسەنامەیەک لە گۆڕانەوە..
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سەرکردەی دیاری ڕۆژئاوای کوردستان و هاوسەرۆکی پێشوی پەیەدە، ساڵح موسلیم-مان پێگەیشت.
سەرکردەی خوالێخۆشبو، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرێکی دڵسۆز بو، کە هەمو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد تەرخان کرد. بە جۆرێک، نەک تەنها سەرکردەیەکی سیاسی بو، بەڵکو سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدان بو، ئەو وەک باوکێکی شەهید ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی بە قوڵی هەست پێکرد و بە خوێنی خۆشەویستانی و هەڤاڵانی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی پیرۆزتر کرد.
کۆچی دوایی ساڵح موسلیم خەسارەتێکی مەزنە بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی. ئەو بە درێژایی ژیانی، نموونەی پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی بو لە خەباتکردن بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان. ڕۆڵی لە قۆناغە هەستیارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەمیشە بە پیتی زێڕین لە مێژویی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە.
لەم کاتە سەختەدا، بزووتنەوەی گۆڕان بە قووڵترین خەم و پەژارەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و بنەماڵە بەڕێزەکەی، بزوتنەوەی کوردایەتی، گەلی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو دۆست و هاوڕێیانی دەکات. داواکارین لە خوای گەورە گیانی خوالێخۆشبو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبوری و ئارامی بە هەموان ببەخشێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
١١ی ئازاری ٢٠٢٦
بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦، پرسەنامەیەکی بەبۆنەی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD) و سەرکردەی دیاری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە خەسارەتێکی مەزنە بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی.
لە پرسەنامەکەدا هاتووە، ساڵح موسلیم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرێکی دڵسۆز بووە کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد تەرخان کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ناوبراو تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو وەک "باوکی شەهید" و سیمبولی خۆڕاگری، ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی بە قوڵی هەست پێکردووە و بە خوێنی خۆشەویستانی و هەڤاڵانی، خەباتی ڕزگاری نیشتمانی پیرۆزتر کردووە.
بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ڕۆڵی ساڵح موسلیم لە قۆناغە هەستیارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەمیشە بە "پیتی زێڕین" لە مێژووی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە. لە کۆتایی پرسەنامەکەدا، بزووتنەوەکە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و بنەماڵەی کۆچکردوو، بزووتنەوەی کوردایەتی و گەلی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.
150 جار خوێندراوەتەوە