NBC NEWS: لە مانگی سێدا ئەمەریكا بەتێچوی یەك ملیار دۆلار موشەكی ئاڕاستەی حوسییەكان كردوە

KNN : Kurdish News Network
09:55 - 09/05/2025
جیهان
+
-

تێچوی هێرشەكانی مانگی (ئازاری 2025)ـی ئەمەریكا بۆسەر حوسییەكانی یەمەن زیاتر لە ملیارێك دۆلارە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش رەتی دەكاتەوە و دەڵێت: بەهەڵە تێچوەكانیان هەژماركردوە.


هەواڵ: (KNNC)


لە راپۆرتێکدا پێگەی ئەلیكترۆنی (NBC NEWS) لەزاری دو بەرپرسی ئەمەریکییەوە ئاشكرایكردوە؛ هێرشەكانی مانگی (3ـی 2025)ـی كۆشكی سپی بەسەركردایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن كە هەزاران بۆمب و موشەکی جۆراوجۆر تیایدا بەکارهێنراوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار تێچوەكەی بوە.


رونیانكردوەتەوە كە؛ مانگی ئازار وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نزیکەی دو هەزار بۆمب و موشەکی دژی حوسییەکان بەکارهێناوە، کە تێچوكەیان زیاتر لە (775) ملیۆن دۆلار بوە، لەگەڵ ئاڕاستەكردنی (75) موشەكی تۆماهۆك كە نرخی هەریەكەیان زیاتر لە یەك ملیۆن و (900) هەزار دۆلارە.


راشیانگەیاندوە: لەنێو ئەو چەكانەی دژی حوسییەكانی یەمەن بەكارهێنراون (20) موشەكی كرۆز بوە، كە نرخی هەر یەكێك لەو ئەو موشەكانە ملیۆنێك و (500) هەزار دۆلارە، ئەمە بێجگە لە ئەو زیاتر لە (10) ملیۆن دۆلارەی لە گواستنەوەی دو سیستەمی بەرگری موشەكی پاتریۆت بۆ دەریا خەرجیكردوە.


لای خۆیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بە (NBC NEWS)ـی راگەیاندوە: ئەو بڕە پارەی كە ئەمەریكا بۆ هێرش كردنە سەر حوسییەكانی یەمەن خەرجیكردوە بڕەی لە (400) ملیۆن دۆلار زیاتر نابێت، ئەو ژمارانەی كە باس لە ملیارێك دۆلار دەكات راست نییە و بەهەڵە تێچوەكەیان هەژمار كردوە.


پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، حوسییەکانی یەمەن داوای راگرتنی هێرشە ئاسمانییەكانیان كردوە و بەڵێنیان داوە كە هێرشەكانیان بۆسەر كەشتییە بازرگانی و سەربازییەكان لە دەریای ناوەڕاست رابگرن.

69 جار خوێندراوەتەوە