هەرێمی كوردستان؛ بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە (190) كەس رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون

KNN : Kurdish News Network
08:20 - 05/05/2025
کوردستان
+
-

لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە چڕە خۆڵبارینەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە و بەهۆی توشبونیان بە هەناسە توندی زیاتر لە (190) هاوڵاتی رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.


هەواڵ: (KNNC)


پەیامێنری كەی ئێن ئێن لە كەركوك رایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتوە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری هەناسە توندی رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری كەركوك كراون ژمارەیان گەیشتوەتە (96) كەس، هاوكات لە خورماتو تا ئێستا (75) كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردوە.

 

 

پەیامنێری هەولێری كەی ئێن ئێن لەسەر زاری سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: بەهۆکاری خۆڵبارین (12) كەس توشی هەناسە توندی بون و بۆ وەرگرتنی چارەسەریش سەردانی بەشی فریاكەوتنیان کردوە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ژمارەیەكیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەڵام ئەو كەسانەی پێویستییان بەچارەسەری زیاتر هەووە هێڵراونەتەوە.


پەیامنێری پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی هەناسە توندییەوە سەردانی نەخۆشخانەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر كردوە لە هەشت كەس پێكهاتون، كە چواریان ژنن و چوارەكەی دیكە پیاون.


بەپێی زانیارییەكانی (كەی ئێن ئێن) تا ئێستا لە شاری سلێمانی هیچ كەسێك بۆ وەرگرتنی چارەسەری هەناسە توندی روی لە نەخۆشخانەكان نەكردوە، بەڵام بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو تیمەكانی تەندروستی سلێمانی ئامادەكارییان كردوە.


لای خۆشیەوە، كەشناسی هەرێم بڵاویكردەوە؛ تا رۆژی چوارشەممە شەپۆلی خۆڵبارینەكە بەردەوام دەبێت و بەپێی پێشبینییەكانیش رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی هەرێمی كوردستان رون دەبێتەوە.

212 جار خوێندراوەتەوە