یەكی ئایار... جەژنی كرێكاران چۆن دیاریكرا؟

KNN : Kurdish News Network
08:52 - 01/05/2025
کوردستان
+
-

بیرۆكەی جەژنی كرێكارانی جیهان بۆ رۆژی (21ـی نیسانی 1856) دەگەڕێتەوە، سەرەتا لە ئوسترالیاوە سەری هەڵدا، دواتریش گەیشتە ئەمەریكا، لەساڵی (1882) بۆ یەكەم جار كە یەكی ئایار وەك جەژنی كرێكاران ناسێنرا، دواتر بۆنەكە بە وڵاتانی دنیادا بڵاوبوەوە و لەو رۆژەدا كرێكارە كارزانەكان خەڵات دەكران.

هەواڵ: (KNNC)

 

بەئامانجی كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن بۆ هەشت كاتژمێر لە رۆژێكدا بوە بە بنەمای دیاریكردنی رۆژەكە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ویلایەتی شیكاگۆی ئەمەریكا، ململانێكانی نێوان كرێكاران و خاوەن كارەكان تەقینەوە كرێكاران وازیان لە كاركردن هێنا، دواتریش هەریەك لە شاری هامیلتۆنی ویلایەتی كالیفۆرنیا و شاری تۆرێنتۆی كەنەدا تەشەنەی سەند.

 

لە یەكی ئایاری (1886) سەرجەم كرێكارانی شیكاگۆ كە ژمارەیان لەنێوان (350 بۆ 450) هەزار دەبون،  وازیان لە كارەكانیان هێنا، بۆ دەربڕینی ناڕەزانیش لەژێر دروشمی "هەشت كاتژمێر كار، هەشت كاتژمێر پشو، هەشت كاتژمێر خەوتن" رژانە سەر شەقامەكان، ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر سەرجەم كەرتە ئابورییەكان دروستكرد، بۆیە بەناچاری پارێزگاری شاری شیكاگۆ لەگەڵ كرێكاران كۆ بوەوە بەڵێنیپێدان كە  بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت.

 

دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكەی پارێزگار و كرێكاران لە شیكاگۆ و بەمەبەستی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان، پۆلیسی ئەو شارە دەستیان بەجموجۆڵەكانیان كرد و روبەڕوی خۆپیشاندەران بونەوە لەو كاتەشدا بۆمبێك بەپۆلیسدا تەقییەوە كە بوە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەكیان، بۆیە دەستیان كرد بەدەستگیركردنی خۆپیشاندەران و رێكخەران و ژمارەیەك كەسیان لەسێدارەدران، ئەم گرژی و ئاڵۆزییەش  بەناوی "هایماركت" لە مێژوی ئەمەریكا تۆمار كراوە.

 

بەڵام دوای (11) ساڵ راستییەكە دەركەوت كە پۆلیس خۆی ئەو كارەی ئەنجامداوە، بۆیە كۆنگرێسی ئەمەریكا یەكی ئایار وەك رۆژ و جەژنی كرێكاران بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و داواكارییەكانی كرێكاران چەسپێنران، كاتەكانی كاركردن كەم كرانەوە، لەڕوی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانەوە، خاوەنكاران ناچار كران ژینگەیەكی سەلامەتی كار و هاوكاری دۆخی تەندروستی كرێكاران بكەن.


ئێستا لە (194) وڵاتی جیهان، یەكی ئایار وەك جەژنی كرێكاران ناسێنردراوە و رۆژەكەش پشوی فەرمییە و تێیدا خاوەنكاران و دامەزراوە فەرمییەكان و حكومەت و رێكخراوە مرۆیی و سەندیكا كرێكارییەكان، رێز لە كرێكاران دەگرن و خەڵاتیان دەكەن.

173 جار خوێندراوەتەوە