کۆریای باشور: تا ئێستا 600 سەربازی کۆریای باکور لە روسیا کوژراون و زیاتر لە چوار هەزاری تریش برینداربون

KNN : Kurdish News Network
06:05 - 30/04/2025
جیهان
+
-



دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی کۆریای باشور ڕایگەیاند، نزیکەی چوار هەزار و 700 سەربازی کۆریای باکور کە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی ڕوسیا، دژی ئۆکراین شەڕیان کردوە بونەتە قوربانی و ئاژانسەکانی هەواڵێش دەڵێن؛ پیۆنگ یانگ 15 هەزار سەربازی لە روسیادا هەیە .



هەواڵ:KNNC


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی کۆریای باشور لە کۆبونەوەی لیژنەیەکی داخراوی پەرلەمانی وڵاتەکەدا، ڕایگەیاند؛ تا ئێستا، 600 سەربازی کۆریای باکور لە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا  کوژراون، کە دژی ئۆکرانیا شەڕیانکردوە .

دوای چەندین جار تۆمەتبارکردنی کۆریای باکور بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ هاوکاریکردنی ڕوسیا  و ڕەتکردنەوەی، لە کۆتایدا کۆریای باکور ڕۆژی دوشەممە بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە کە هێزی سەربازیی ناردوە بۆ یارمەتیدانی سوپای ڕوسیا لە کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لە ناوچەکانی ناوچەی کورسک.

ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردوەتەوە،  لە بەرامبەر ناردنی هێز و دابینکردنی چەک بۆ ڕوسیا، پێدەچێت پیۆنگ یانگ لە ڕێگەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانەوە هاوکاری تەکنیکی و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دژە ئاسمانی وەرگرتبێت.

ئاژانسەکە لە زاری  دەسەڵاتدارانی کۆریای باشورەوە رایگەیاندوە؛ نزیکەی 15 هەزار سەربازی کۆریای باکور لە روسیادا هەن و دژی ئۆکرانیا شەڕ بۆ ئەو وڵاتە دەکەن.

 

ئەمە لەکاتێكدایە، لی سیۆنگ کیون، کە یەکێکە لە ئەندام پەڕلەمانەکانی کۆرییا باشور و بەشداری کۆبونەوەکە بوە، بە  ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمەریکی راگەیاندوە، لە نێوان مانگی یەک و ئازاردا دوو هەزار سەربازی کۆریای باکور بە فڕۆکە یان شەمەندەفەر گەڕێنراونەتەوە کۆریای باکور.

30 جار خوێندراوەتەوە