گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە رۆما بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
12:29 - 30/04/2025
جیهان
+
-

گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران رۆژی شەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەدەچێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، چوارەمین خولی وتوێژی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان، ڕۆژی شەممە لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت.

 

عراقچی وتیشی: رۆژی هەینی لە سەروبەندی دانوستانەکان، لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپیش چەند کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدەن.

 

هەردوو وڵات کە چوار دەیەیە ناکۆکییەکانیان بەردەوامە، لە 12ـی نیسانەوە بە نێوەندگیری سوڵتانییەتی عومان دەستیان بە دانوستانەکان کردوە و لە ڕۆژانی 19 و 26ـی نیسانیش دوو کۆبونەوەی دیکەیان ئەنجامدا.

 

سەرۆکی ئەمریکا کە خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێیە لەگەڵ ئێران، لەچەند رۆژی رابرودودا رایگەیاند، گەشبینن بەوەی پێش ئەوەی هێرشبکەنە سەر ئەو وڵاتە لەگەڵیان رێکدەکەون.

 

هەرلەو چوارچێوەیەدا، فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا کە لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا "بۆ یەک چرکە" درێغی ناکەن لە دووبارە سەپاندنی سزاکان بەسەر تاران ئەگەر ئاسایشی ئەوروپا بکەوێتە مەترسییەوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە.

 

ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە نامەیەکدا رایگەیاند، پەنابردن بۆ هەڕەشە و ڕەشبگیری ئابوری بە قبوڵکراو نییە و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکانە.
وتیشی: دیپلۆماسی ڕاستەقینە لە ژێر هەڕەشە و فشاردا بەڕێوە ناچێت.

50 جار خوێندراوەتەوە