میدیای تورکی: یەکشەممە پەکەکە کۆنگرەی چەکدانان دەبەستێت

KNN : Kurdish News Network
10:09 - 25/04/2025
کوردستان
+
-

میدیای تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات کە ڕۆژی یەکشەممە پەکەکە کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە ئەنجام دەدات، ئەنجامەکەشی ڕەوانەی رێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵی دەکرێت. 

 

هەواڵ:KNNC

 

ڕۆژنامەی سوزچو کە نزیکە لە پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە لە ڕاپۆرتیکدا کە پشتی بەستوە بە شیکردنەوە و زانیاری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندوە، بڕیارە یەکشەممەی داهاتو کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.

 

هەرچەندە پەکەکە تا ئێستاش بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە بەبێگرتنەبەری ڕێکارەکانی پڕۆسەی ئاشتی کۆنگرە ببەستن، بەڵام میدیا تورکییەکە دەڵێت، کۆنگرەکە بە بەشداری 600 بەرپرسی پەکەکە بەڕێوەدەچێت لە سوریا و ئەوروپا و تورکیاشەوە بەشداری دەکرێت و ئەنجامەکەی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دەنێردرێت. 

 

ڕۆژنامەکە، سێ شوێنی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەکە ئاشکرا کردوە کە یەکیان سنوری قەزای کۆیەیە و یەکی دیکەشیان بناری قەندیلە و یەکێکی دیکەشیان نێوان شارەزور و پێنجوینە.

 

سوزچو دەشڵێت، پەروین بوڵدان و فایەق ئەرۆل کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چونە ئیمرالی، زانیاری وردیان لەبارەی شوێن و وادەی کۆنگرە و بەشداربووان لەگەڵ ئۆجەلان ئاڵوگۆڕ کردوە.

 

ئەوەشی وتوە لە کۆبونەوەی دەمپارتی و وەزیری دادی تورکیا باس لە ڕیکارەکانی ئازادکردنی زیندانیانی دۆسیەی پەکەکە کراوە، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی نزیکەی 60 هەزار کەس ئازاد بکرێن.

 

450 جار خوێندراوەتەوە