کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەنجامی
زانیاریە داراییە وردبینیکراوەکانی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە و بەراورد بە
ساڵی ڕابردو نزیکەی لەسەدا 13 داهاتەکەیان زیادی کردوە، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکەش
دەڵێت: ئاسیاسیڵ بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچون.
هەواڵ:KNNC
لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسیاسێڵدا
هاتوە: کۆمپانیاکەیان بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی لە ڕێگای ئەدای دارایی ناوازەوە
کە ڕەنگدانەوەی باڵادەستی کۆمپانیاکەیە لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراق.
باسی لەوەش کردوە: بەراورد
بە ساڵی 2023، داهاتیان لە ساڵی 2024ـدا، بە ڕێژەی لەسەدا 12 پۆینت هەشت زیادی
کردوە، و گەیشتوەتە نزیکەی ترلیۆنێك و 900 ملیار دینار.
ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمپانیای
ئاسیاسیڵ، پێش پێدانی سودەکان و باجەکان، گەشەی لەسەدا 18 پۆینت یەكی بەدەست
هێناوە، لەکاتێكدا قازانجی تەواو بەدەستهاتو، گەیشتوەتە 394 ملیار دینار کە زیادبونێكی
بەرچاوی بەڕێژەی لەسەدا 12 تۆمار کردوە.
ئەوەشی خستوەتە ڕو: لە
ساڵی 2024ـدا، بنکەی بەشداربوانیان فراوانتر بوە و گەیشتوەتە 19 ملیۆن و
100 هەزار بەشداربو، لە کاتێكدا لەساڵی 2023ـدا تەنها 17 ملیۆن و 700 هەزار بەشداربو
بوە.
لای خۆشییەوە، فاروق
مستەفا ڕەسول، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: کۆمپانیاکەیان
بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچون بۆ داهاتو بە ئاڕاستەیەك کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونییەتی
بە داهێنان و گەشەسەندنی بەردەوام.
52 جار خوێندراوەتەوە