رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ئەمەریکا داوای لە ئەحمەد شەرع کردوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:33 - 24/04/2025
جیهان
+
-


ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردوەتەوە ئەندامێکی کۆنگریس لە کۆمارییەکان بەتایبەت داوای لە ئەحمەد شەرع کردوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و شەرعیش داوای لابردنی سزاکانی کردوە لەسەر وڵاتەکەی.

هەواڵ:KNNC


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێکی رۆژنامە ئیسرائیلیەکەدا هاتوە؛ کە کۆری میڵز ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا دوای گەڕانەوەی لە سەفەری ئەم دواییەی لە  دیمەشق رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئەحمەد شەڕع سەرۆکی کاتی حکومەتی سوریا، باسیان لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل کردوە

ئەندامەکەی کۆنگرێس وتوشیەتی؛ "ئەم گەشتە بە تەواوی کەسی بوە و هیچ پەیوەندییەکی بە شاندی فەرمی کۆنگرێسەوە نەبوە" و ئامانجی سەرەکی من بۆ ئەم دیدارە گوێگرتن بو لە بۆچونەکانی سەرۆکی کاتی سوریا  ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ئایندەی سوریا و پەیوەندییە دەرەکییەکان.

ناوبراو باسی لەوەشکردوە؛ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شەرعدا، سەرۆکی کاتی سوریا بە ڕونی ڕایگەیاندوە کە ئەگەر مەرجی گونجاو دابین بکرێت، سوریا ئامادەیە بچێتە پاڵ "پەیماننامەی ئیبراهیم"، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت دەرگای نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دەرچون لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بکاتەوە.

کۆری میڵز، ئەوەشی خستوتە ڕو، لەبارەی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆسەر سوریا ئەحمەد شەرع  پێی وتوە، زۆرێک لەو سزایانە ئاستەنگێکی گەورەن لە بەردەم باشترکردنی دۆخی ئاووری سوریا و هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکرێت بەشێک بێت لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.



ئەندامەکەی کۆنگرێس ئەوەشی ئاشکرا کردوە شەڕع نامەیەکی تایبەتی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا پێدام، کە بەنیازم ڕاستەوخۆ بیگەیەنم بە ترەمپ.



ئەمە لەکاتێكدایە میڵز ئەندامی لیژنەکانی کاروباری دەرەوە و خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە و  ڕۆژی هەینی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبوەوە.

275 جار خوێندراوەتەوە