ئێران بۆ هاوڵاتییانی: لەکاتی چونتان بۆ سعودییە خۆتان لە باسی سیاسی بە دور بگرن

KNN : Kurdish News Network
08:21 - 24/04/2025
جیهان
+
-


میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە، لە کۆنفڕانسێكی پەروەردەیدا کە بۆ ئەو کەسانە ڕێکخراوە بە مەبەستی بەجێهێنانی حەج رودەکەنە سعودییە خۆیان لە بەشداریکردن لە گفتوگۆی سیاسی یان بابەتی گرژی و ئاڵۆزی بەدور بگرن و ئارامی شوێنەکە بپارێزن.

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنفڕانسی پەروەردەی بە بەشداری نزیکەی 12 هەزار کەس لە تاران بەڕێوەچو، کە بەمەبەستی فێرکردن و شارەزابونیان لە ڕێکارەکان و مەراسیمەکانی بەجێهێنانی حەج ئەنجامدرا .

 

تێیدا داوای پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ماوەی بەجێهێنانی حەجدا کرا، داواشیان لە حاجیان کرد کە لە کاتی گەشتکردنیان بۆ سعودیە خۆیان لە بەشداریکردن لە گفتوگۆی سیاسی یان بابەتی گرژی و ئاڵۆزی بەدور بگرن.

هەروەها  هۆشداری تێدا درایە  ئەو کەسانەی سەردانی سعودییە دەکەن، خۆیان لە هەڵگرتنی ماددەی ترش و دەرمانی پاودەر وەکو شیرینەمەنی بەدور بگرن، چونکە ئەو ماددانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە بە مادەی نەناسراو دادەنرێت و ئەگەری هەیە کێشە دروستبکەن.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی ئێران خۆی زیاتر لە 85 هەزار هاوڵاتی ئەو وڵاتە ،بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکی ئاینی حەج لەمساڵدا ڕو لە سعودییە دەکەن، لە کۆنفرانسەکەی ئەمرۆشدا جەخت لەوە کرایەوە کە بە دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە هەستیارەکان زەمینە بۆ حەجێکی سەلامەت و ئارام ئامادە دەکرێت.

لای خۆیەوە ئیسماعیل کشمیری، فەرماندەی پۆلیسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی داوای کردوە کە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بەڕێوەبەرانی کاروانەکان بگرن و چەند کاتژمێرێک پێش گەشتەکەیان بگەنە فڕۆکەخانە بۆ ئەوەی پرۆسەی پشکنینەکە بە ئارامی و ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت.


هەمو ئەمانيش لە دوای ئەوە دێت لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان سعودییە و ئێران بەرەو باش بون دەچێت و لە ماوەی ڕابردودا وەزیری بەرگری سعودییە سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆبویەوە.

ئەمە لەکاتێكدایە پێشتر بەهۆی گرژییەکانی نێوانیانەوە چەندین جار سعودییە ڕێگری کردوە لە چونی  هاوڵاتییانی ئێران بۆ ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەجێهێنانی حەج.

55 جار خوێندراوەتەوە