وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشنیاز بۆ ئێران دەكات، ئەگەر تاران
بەرنامەی ئەتۆمی مەدەنی دەوێت، یۆرانیۆمی پیتێنراو هاوردە بكات، بەپێچەوانەوە واشنتۆن
هێزی سەربازی بەكاردەهێنێت.
هەواڵ: (KNNC)
میدیا جیهانییەكان ئاشكرایانكرد، پێش دەستپێكردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی
نێوان ئەمەریکا و ئێران کە بڕیارە شەممەی داهاتو بەڕێوە بچێت، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەوەی پێشنیازی هاوردە كردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ تاران كردوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕو، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیی دەربڕیوە رێگە بە
تاران بدات بەرنامەیەکی ناوەکی مەدەنی پەیڕەو بکات، بەڵام لەسەر بنەمای هاوردەكردنی
سوتەمەنی ئەتۆمی بێت.
رونیانكردوەتەوە، بەم پێشنیازەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی
ئەمەریكا، سازشێکی گەورەی بۆ تاران خستەڕو، كەپێشتر ئامانجی سەرەكی دانوستانەكانی رێگریکردن
بوە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە زەفری پرێسی وتوە، ئەگەر
ئێران بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی بوێت، دەتوانێت وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان
خاوەندارێتی بكات و كورە ئەتۆمییەكانی كارپێبكات، بەڵام واشنتۆن رێگری لە پیتاندنی
یۆرانیۆم دەكات لەلایەن تارانەوە.
سەبارەت بە پێشهاتەکانی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئیدارەی
ترەمپ و تاران رونیكردەوە؛ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، واشنتۆن و تاران زۆر
دورن لە هەر جۆرە رێککەوتنێک.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئاماژەی بۆئەوەشكردوە؛ ئەگەر تاران بیەوێت لەگەڵ ئیدارەی كۆشكی
سپی بگات بەرێككەوتن و مەترسی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دوربخاتەوە، پێویستە دەستبەرداری
پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت.
346 جار خوێندراوەتەوە