نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری لە جیهاندا زانستێکی نوێیە، بەڵام
بەهۆی دروستبونی تێكەڵاوی لە نێوان پسپۆڕی پزیشکان و بواری جوانكاریدا، تا ئەو
کاتەی رێوشوێنێکی نوێ دەگیرێنەبەر بەشێوەیەکی کاتی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە لە
سلێمانی رادەگیرێن.
هەواڵ: (KNNC)
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، د.سەباح هەورامى، بەڕێوەبەری
گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند: نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری بەگشتی و
بەتایبەتی بابەتی دابەزاندنی کێش، لابردنی چەوری، بچوکردنەوەی گەدە و لابردنی پێستی زیادەی دوای
دابەزاندنی کێش لە جیهاندا زانستێکی نوێیە، كە بەئەو هۆیەوە تێکەڵاوییەک لەنێوان
پسپۆڕی پزیشکان و بواری جوانكاریدا دروستبوە.
وتیشی: پزیشکانی نەشتەرگەریی گشتی ئەنجامدانی ئەو جۆرە
نەشتەرگەرییە بەماف و پسپۆڕی خۆیانی دەزانن، هەروەها پزیشکانی جوانکاری، هەرس و
جگەر و پێستیش خۆیان بە پسپۆڕی ئەو بوارە دەزانن، هەر لەبەر ئەوەشە كە لە شوێنی
نەگونجاو بە رێگای نازانستی ئەم نەشتەرگەرییانە بۆ هاوڵاتیان دەكرێن، رونیكردەوە؛ دەبێت
ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە لە چەند شوێنێکی تایبەت ئەنجام بدرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد،
ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان سكاڵایان لەسەر نەشتەرگەرییەكان تۆمار كردوە، لەبەر
ئەوەشە كە بەشێوەیەکی کاتی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە لە سلێمانی رادەگیرێن، تا ئەو
کاتەی رێوشوێنێکی نوێ دەگیرێنەبەر.
164 جار خوێندراوەتەوە