سودانی: رێگەی گەشەپێدان هەرزانترین رێڕەوی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایە

KNN : Kurdish News Network
12:33 - 29/11/2024
عێراق
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگای گەشەپێدان لە روی نرخەوە هەرزانترین رێڕەوی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایە.

هەواڵ:KNNC

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابوری وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسپانیا رایگەیاند،بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە لە روی نرخەوە ھەرزانترین ڕێڕەوی نێوان رۆژھەڵات و رۆژئاوایە، ھەروەھا لە میانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە، شاری ئابوریی لە عێراق دادەمەزرێندرێت.

پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، ڕێگاکانی وشکانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشوری عێراق بە درێژایی ھەزار و 200 کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر ئەورووپا دەبەستێتەوە.

 

وتیشی: ژینگەیەکی ئاراممان ھەیە بۆ راکێشانی وەبەرھێنان و قەبارەی وەبەرھێنانی بیانی لەعیراقدا، گەیشتوەتە 62 ملیار دۆلار.

 

راشیگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا، 100 ملیار دۆلاریان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابوریی تەرخان کردووە کە ئەوەش زەمینەیەکی گونجاوە، بۆ بەشداری کردنی کۆمپانیا ئیسپانییەکان لەو پڕۆژانە.

 

لە 22ـی نیسانی رابردودا، یاداشتنامەیەکی چوار قۆڵیی لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" واژۆ کرا.

 

پڕۆژەی ھێڵی ئاسنین لەنێوان عێراق و ئێران بە بەھای 250 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانیاوە جێبەجێ دەکرێت، سودانی وتی: لەئێستادا، گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانیا دەکرێت، بۆ ئەوەی ھێڵێکی شەمەندەفەر لەنێوان پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا، جێبەجێ بکات.

135 جار خوێندراوەتەوە