کەمخەوی زیان بە پێنج سیستمی لەش دەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
10:20 - 23/09/2024
تەندروستی
+
-

ئەگەر شەوانە خەوێکی رێک و پێکت نەبێت، رۆژی دواتر دوچاری ماندویەتی و توڕەبون و بێ مەزاجی دەبیت، هەروەها ئەگەر شەوانە حەوت بۆ نۆ کاتژمێر نەخەویت نەک کاریگەری لەسەر دەرونت دەبێت، بەڵکو زیانی گەورەی تەندروستی هەیە.

 

تەندروستی:KNNC

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی پرێس سانت-ی فەرەنسی، کەم خەوی توانا دەرونییەکانت کەمدەکاتەوە و تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە  لێکۆڵینەوه زانستییەکان کەم خەوی دەبەستنەوە بە دروستبونی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستییەوە دیارترینیان زیادبونی کێش و لاوازی سیستمی بەرگرییە.

 

پێنج سیستمی لەش بەهۆی کەم خەوییەوە زیانیان پێدەگات:

 

1-کۆئەندامی دەمار: سیستەمی دەماری ناوەندی سەرەکی زانیارییەکانی جەستەیە، خەوتن پێویستە بۆ ئەوەی جەستە بە باشی کاربکات، بەڵام کەمخەوی درێژخایەن دەتوانێت شێوازی ناردن و پرۆسێسکردنی زانیاری لەش بە شێوەیەکی ئاسایی تێکبدات.

 

لە کاتی خەوتندا ڕێڕەو لە نێوان خانە دەمارییەکان لە مێشکتدا دروست دەبێت، ئەمەش یارمەتیت دەدات زانیاری نوێت لەبیربێت کە فێربویت. کەم خەوی مێشکت ماندوو دەکات، بۆیە ناتوانێت بە باشی کار بکات.

 

2-سیستمی بەرگری: لەکاتی خەوتندا سیستەمی بەرگری ئەو ماددانە بەرهەم دەهێنێت کە جەستە لە توشبون بە هەوکردن دەپارێزێت، هەروەها نەگەیشتن بە خەوی ئارام ئەگەری توشبون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.

 

3-کۆئەندامی هەناسەدان: کەم خەوی لەوانەیە زیاتر توشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان ببێت وەک کۆکە، هەروەها خنکان لە خەودا نەخۆشییەکی مەترسیدارە کە ڕەنگە هۆکاری کەمخەوی بێت.

 

4-سیستمی مێتابۆلیزم (سوتاندنی چەوری و گۆڕینی بۆ وزە): کەم خەوی هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ قەڵەوی، خەوتن کاریگەری لەسەر ئاستی دوو هۆڕمۆنی لێپتین و گرێلین هەیە کە هەستکردن بە برسێتی و تێربوون کۆنتڕۆڵ دەکات.

5-سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان: کەمخەوی کاریگەری لەسەر ئەو پرۆسانە دەبێت کە دڵ و سوڕی خوێن بە چالاکی دەهێڵنەوە، لەوانە شەکری خوێن و پەستانی سەر خوێنبەرەکان و ئاستی هەوکردن، ئەو کەسانەی کە ناخەون ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاترە.

359 جار خوێندراوەتەوە