ئەمڕۆ لە عێراق یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی
عێراق رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردو ئەمساڵ 100هەزار قوتابی قۆناغی یەکەمی سەرەتایی زیادی کردوە.
هەواڵ:KNNC
بەپێی رۆژژمێری خوێندنی
وەزارەتی پەروەردەی عێراق و لە هەریەک کەرکوک و خانەقین و شنگال، یەکەمین رۆژی
ساڵی نوێی خوێندنە، کە خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تورکمانی دەستپێدەکات.
بەپێی ئامارەکانیش نزیکەی
133 هەزار خوێندکار لە هەزار و 212 خوێندنگەی هەریەک لە کەرکوک و خانەقین و شنگال
دەخوێنن و زیاتر لە 15 هەزار مامۆستا و وانەبێژ و فەرمانبەری بەشی
کوردیش هەیە.
هاوکات و هەر ئەمڕۆ
یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستیپێکرد و دەرگای 30 هەزار ناوەندی خوێندن بە
روی زیاتر لە 12 ملیۆن خوێندکاری عێراقیدا کرایەوە.
کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی
پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە زیادبوندایە و ساڵی
رابردو ملیۆنێک و 100 هەزار خوێندکار پۆلی یەکی سەرەتایی چونەتە خوێندن و بەراورد
بە ساڵی رابردو، ئەمساڵ 100 هەزار قوتابی قۆناغی یەکەمی سەرەتایی زیادی کردوە.
مامۆستایان رۆژی
15ی ئەیلول پەیوەندییان بە ناوەندەکانی خوێندن لە سەرتاسەری عێراقدا کردەوە
و دوای هەفتەیەک پڕۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری وڵاتەکە دەستی پێکرد.
134 جار خوێندراوەتەوە