جۆ بایدن: نزیك بوینەتەوە لە رێككەوتن بۆ ئازادكردنی دیلەكانی غەززە

KNN : Kurdish News Network
06:25 - 02/09/2024
جیهان
+
-

سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، گەیشتن بە رێكەوتن بۆ ئازادكردنی ئەو دەستبەسەركراوانەی لەلای بزوتنەوەی حەماسن نزیكبوینەتەوە، هاوكات تەندروستی غەززە بڵاویكردەوە، ژمارەی قوربانییەكانی جەنگی غەززە (135) هەزار كەسی تێپەڕاند.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ دوشەممە، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایگەیاند: هەوڵەكان گەیشتن بەرێككەوتن بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانەی لەیەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەركراون، سەركەوتوەبوە و لە نزیكترین دەرفەتدا رێككەوتنەكە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: هەر بۆ ئەوە مەبەستە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی دیلەكان و ئەنجامدانی رێككەوتنەكە چڕكردوەتەوە.

لای خۆشەوە، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ـی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئازادكردنی دیلەكان، كە بڕیار وایە لە دو هەفتەی داهاتودا پێشكەش بە لایەنە بەشەڕهاتوەكان بكرێت، كۆشكی سپی پەیوەندی بە میسر و قەتەرەوە كردوە و هەڕەشەی كشانەوە لە دانوستانەكان كردوە ئەگەر لەسەر ئەو رەشنوسە نەگەن بە رێككەوتن.

رۆژنامەكە لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكییەوە رایگەیاندوە: دۆزینەوەی تەرمی شەش زییندانییەكە رونی دەكاتەوە كە ئیسرائیل و حەماس دەگەن بەڕێككەوتن یان گفتوگۆكان شكست دەهێنێت.

دوێنی شەو، هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیل لە شارەكانی قودس و تەلئەبیب خۆپیشاندایان ئازكرد و داوای ئاگر بەست و ئازادكردنی دیلەكانیان لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەكرد، بۆ پشتیوانی كردنی خۆپیشاندەرانیش ئەمڕۆ دوشەممە، سەندیکای کرێکارانی ئەو وڵاتە داوای مانگرتنی گشتی کرد.

هاوكات، وەزارەتی تەندروستی غەززە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە (24) كاتژمێری رابردودا سوپای ئیسرائیل سێ هێری كردوەتە سەر كەرتی غەززە و لەئەنجامدا (48) گیان لە دەستدان و برینداربونی (70) كەسی دیكەی لێكەوتەوەتەوە.

بڵاویشیكردوەتەوە؛ لە (332)ـهەمین رۆژی جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل (40) هەزار و (786) گیان لەدەستدان و برینداربونی (94) هەزار و (224) كەسی دیكەی لێكەوتوەتەوە، بێجگە لە ئەو كەسانەی كە بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانەوە نەتوانراوە رزگار بكرێن و تا ئێستا لەژێر داروپەرودوی تەلارە روخاوەكاندا ماونەتەوە.  

177 جار خوێندراوەتەوە