دڵشاد شەهاب: هیچ ئاستەنگێک نییە و هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
01:52 - 14/08/2024
کوردستان
+
-

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکی کۆمسیۆنیش دەڵێت: ئامادەکاری تەواویان کردوە و هەلبژاردن لەوادەی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە.

 

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی تەواوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ ئەنجامدانی ئامادەکارییەکانی لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان.

 

وتیشی: هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن نییە، لەو وادەیەی دیاریکراوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەپێی هەمو پێوەرەکان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتو ئەنجام دەدرێت.

 

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەمو هاوڵاتیان، دەنگدەران، حزب و لایەنە سیاسییەکان دڵنیا دەکەنەوە بە پیشەیی و بێلایەنانە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن.

 

وتیشی: داوایان لە کونسوڵ و دیپلۆماتکارەکان کردوە بۆئەوەی بانگهێشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی بکەن و لەرۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئامادەییان هەبێت بۆ چاودێری وردی پرۆسەکە.

 

راشیگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بێ گرفت بەڕێوەدەچن، زیاتر لە هەفتەیەکە لیژنەیەکی کۆمسیۆن لە بەغدادەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان، تاکاتی هەڵبژاردن سەردانی پارێزگا جیاوازەکانی هەرێم دەکەن و بەوردی کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

دوای پێنج جار لە دواخستنی، بڕیارە رۆژی (20/10/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.


86 جار خوێندراوەتەوە