لەم ساڵانەی دوایدا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، كە ئێستا لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت، لەوانەش بوارەکانی پزیشکی، ئایا ئەم تەکنەلۆجیایانە دەتوانن لە داهاتودا جێگەی پزیشک بگرنەوە؟
زانستی: (KNNC)
لە میانی کۆنفرانسی زانستی "نیشاندەری وەرەم لایەنە بنەڕەتی و کلینیکییەکان" کە لە روسیا بەڕێوەچو دكتۆر ڤیکتۆر تکاچۆڤ، پسپۆڕی تەکنیکی و بەڕێوەبەری تەکنیکی کۆمپانیای ئۆمیکس وەی، رایگەیاند: زیرەکی دەستکرد ناتوانێت لە بواری پزیشکیدا جێگەی پزیشک بگرێتەوە، بەڵکو یاریدەدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناكان لە دەستنیشانكردن، شیكارییەكان و دیاریكردنی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.
وتیشی: زیرەکی دەستکرد لە پرۆسێسی داتاکاندا لە مرۆڤ باڵاترە، شیکارییەکانی بۆ داتاکان بابەتیانە، بەڵام شارەزایی مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بە گشتی لە کاتی پرۆسەکانی دەستنیشانکردن و دیاریكردنی چارەسەرەكاندا بۆ نەخۆشەكان بەتایبەتی وردترە و بارودۆخی نەخۆشەكە لەبەرچاو دەگرێت.
دكتۆر ڤیکتۆر تکاچۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری بواری پزیشكی بەگشتی و سود وەرگرتن لە زیرەكی دەستكرد، پێویستە روسیا پشت بە تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد لە زۆرێک لە بوارە پزیشکییەکاندا ببەستێت، کە لە داهاتودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە جۆربەجۆرەكان.
480 جار خوێندراوەتەوە