لە 12 کاتژمێردا دوو سەرکردەى حەمماس و حیزبوڵا کوژران

KNN : Kurdish News Network
09:31 - 31/07/2024
جیهان
+
-

بزوتنەوەى حەمماس کوژرانى ئیسماعیل هەنیە سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەکەى لە تارانى پایتەختى ئێران راگەیاند، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دواى ئەوەى ئیسرائیل کوشتنى فوئاد شوکر، فەرماندەى سەربازیی حیزبوڵاى لە بەیروت راگەیاند.

 

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ ئامانجی هێرشی ئاسمانی ‌و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بۆسەر باشوری بەیروت‌ و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حیزبوڵا، کوشتنی فوئاد شوکر بوە کە یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵای لوبنان، بەرپرسە لە هێرشی موشەکی دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ سەر مەجدەل شەمس-ی بەرزاییەکانی جۆلانی ئیسرائیل.

 

فوئاد شوکر لە ساڵی 1962 لەشارۆچکەی نەبی شیت، لە بەعلەبەک لەدایکبوە، فەرماندەی سەربازیی باشوری لوبنان بوە لەحیزبوڵای لوبنان، زیاتر لە 30 ساڵە لەڕیزەکانی حیزبوڵادا چالاکە و راوێژکاری باڵای حەسەن نەسروڵا بوە.

 

فوئاد شکور ناوی لەلیستی سزاکانی ئەمەریکادایە و لە2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، شوکری وەک تیرۆریستێکی جیهانی ناوبرد و واشنتۆن پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری دیاریکردبو بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات و یارمەتیدەر بێت لەدەستگیرکردنی.

 

سوپای ئیسرائیلیش پاداشتێکی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک دانابو کە زانیاری لەبارەی شوکر بدات.

 

دواى چەند کاتژمێرێک لە کوشتنى فوئاد شوکر، بەرەبەیان کاتژمێر 2:30 خولەک لە تارانى پایتەختى ئێران کوشتنى ئیسماعی هەنیە سەرۆکى مەکتەبى سیاسی بزوتنەوەى حەمماس راگەیەنرا، ئێران دەڵێت: خوێنى هەنیە بە خۆڕایی ناڕوات و مەحمود عەباس، سەرۆکى فەڵەستینیش وتى: ئەم هێرشە ترسنۆکانە بو.

 

ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنیە، سیاسییەکى فەڵەستینى و سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەمماسە


لە ساڵى 1962 لە کامپى پەنابەران ئەلشاتی لە رۆژئاواى غەززە لەدایک بوە


لە ساڵى 1989 و بۆ ماوەى سێ ساڵ لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و دواتریش بۆ سنورى لوبنان-فەڵەستین دورخراوەتەوە


لە ساڵى 1997 وەک سەرۆکى نوسینگەى بزوتنەوەى حەمماس، ئەحمەد یاسین دەستنیشان کراوە


لە 2005 سەرۆکایەتیی لیستى گۆڕانکاریی و چاکسازى کردوە لە هەڵبژاردنى یاسادانانى فەڵەستین و زۆرینەى دەنگى بەدەستهێنا


لە سەرەتاى ساڵى 2006 حەمماس دیاریکرد بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى فەڵەستین


لە 2017 دواى خالید مەشعەل، پۆستى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەمماسى وەرگرت.

1026 جار خوێندراوەتەوە