سودانی: پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین

KNN : Kurdish News Network
06:40 - 26/06/2024
عێراق
+
-

سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت: هەمو هەوڵێک دەدات كە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە پرۆسەكە بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەربڕینی ئیرادەی راستەقینەكەی گەل بێت.


هەواڵ: (KNNC)



لە راگەیەندراوێكدا، نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە: سەرۆك وەزیران پێشوازی لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات و پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دوپات دەكاتەوە.



راشیگەیاندوە: حکومەت ناوەند ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پاڵپشتیکردن لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دەردەبڕیت، هەروەها هەمو هەوڵێک دەدات كە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە پڕۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەربڕینی ئیرادەی راستەقینەكەی گەلەکەمان بێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق.



نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەخت دەكاتەوە، پاڵپشتی دەستپێكردنەوەی دیالۆگی نیشتیمانی لە نێوان هەمو هێزە سیاسییە نیشتیمانییەکان لەژێر چەتری یاسا و دەستور و لەرێگەی بەشداریکردن لە بنیاتنانی دیموکراسی و بەرەوپێشبردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەكات.

208 جار خوێندراوەتەوە