قەیرانى وزە، یەکێتیى یەکێتیى ئەورووپا تێکدەشکێنێت؟

KNN : Kurdish News Network
04:47 - 14/09/2022
ڕاپۆرت
+
-

میدیا ئەوروپییەکان لە ئێستاوە ئاماژەى ئەو ناڕەزایى و توڕەییە پیشاندەدەن کە پێدەچێت لە زستاندا روبدات، لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوروپا دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی توڕەیی خۆیان لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە و هەڵاوسان دەرببڕن، کە لە ئەنجامی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بەسەر روسیادا، روبەڕویان بووەتەوە.

هەرچەندە وڵاتانى ئەوروپا چەندین رێوشوێنى خێرا و پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەى قەیرانەکە و دۆزینەوەى چارەسەرێک، بەڵام شارەزایان ئەو رێگە چارەسەرانە بەخراپ ناودەبەن.

پسپۆڕان و بەشێک لە خەڵکى ئەوروپا وابیردەکەنەوە، لە بەرامبەر قەیرانی وزەدا کە جارێک لە دەیەکانی ساڵدا ڕودەدات، پێدەچێت سەرکردەکانی ئەوروپا هێشتا سیاسەت و ئایدۆلۆژیا لە پێشینەی ژیانی خەڵک و ئابوریدا دابنێن، ئەوان پێیان وایە بە یاریکردنی توند لەگەڵ روسیا، زستانی تاڵی داهاتوو بۆ ئەوروپیەکان دەبێتە تەنگانەیەک.

شارەزایان دەڵێن: بەرزبونەوەی پۆپۆلیزم یەکێکی دیکەیە لە نیشانە مەترسیدارەکان کە قەیرانى وزە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووەو لەگەڵ گەشەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ئەوروپادا زیاتر خۆى پیشاندەدات، ئاماژەیان بەوە کردووە کە شەپۆلی سێیەمی پۆپۆلیزم لە کیشوەرەکەدا رەنگە مەترسی لەتکردنی یەکێتی، یەکێتی ئەوروپا دروست بکات و لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوشدا لێکەوتە سیاسییەکانى ئەو قەیرانە بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە دەبینرێت.

 

لایەنگرانى ئەو بۆچونە، هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەمجارەی سوید کە 11ی ئەیلوول ئەنجامدرا، وەک نمونە دەکەنە پاڵپشتى بۆچونەکانیان کە تێیدا ژمارەی دەنگەکانی پارتێکی پۆپۆلیستی دژە کۆچبەر زیادیکرد و بووە دووەمین هێزی سیاسیی وڵاتە، ئەوان هەمان پێشبینیان بۆ هەڵبژاردنەکەى ئیتاڵیاش هەیە کە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجام دەدرێت.

میدیا ناوخۆییەکانی نەمسا بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و هەڵاوسان و چەند پرسێکی دیکەوە وروژێنراون، لە ڤیەننا گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دروشمیان دژی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر روسیا و هەڵاوسان بەرزکردەوە.

کارین کنیسل، وەزیری پێشووی دەرەوەی نەمسا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا لە ئەوروپا لە ئێستاوە ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە و دۆخەکە بە خێرایی بەرەو خراپتر دەڕوات.

لە ئیتالیا ناڕەزایەتییەکان بەکردەیى پیشاندران، خەڵک پسوڵەى پارەی کارەبا و غازیان سووتاند، لە پراگی پایتەختی کۆماری چیکیش، 70 هەزار کەس ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە رێبازی حکومەت بۆ بەرزبوونەوەی قەیرانى وزە و دەستەوستانى دەسەلاتداران لە بەرزبونەوەى نرخەکان.

بەپێی هەواڵێکی میدیاکانى ئەڵمانیا، هەزاران کەسی دیکە هەفتەی رابردوو لە شارەکانی لایپزیگ و ماگدیبۆرگ کۆبوونەوە و گوێیان لە بانگەوازەکانی لایەنە توندڕەوەکان گرت، شارەزایان ئەوە بە لێکەوتە سیاسییەکانى قەیرانى وزە ناودەبەن.

ماریۆ سالڤاتۆر، دانیشتووی ئیتاڵی بە ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی راگەیاندووە، لە چەند مانگی رابردودا لانیکەم پێنج هێندە ساڵى رابردوو پارەى وزە زیادی کردووە. "تەنانەت هەندێک لە چێشتخانەکان شەوانە مۆم دادەگیرسێنن بۆ ئەوەی پارە پاشەکەوت بکەن ... دەمانتوانی بەردەوام بین لە ژیان بە ئاشتی، ئەگەر بەردەوام بین لە کڕینی ئەو شتانەی کە ئابوورییەکانمان پێویستیانە بۆ گەشەکردن. لەبری ئەوە، ئێمە تەنها هاوینێکی سووتاومان هەبوو، و ئێستاش ئامادەکاری بۆ پاییزێکی گەرم و زستانێکی تەنانەت تاڵ، خەتای کێیە؟" ئه‌و ووتی.

بەپێی توێژینەوەی گۆڵدمان ساکس، خێزانێکی ئاسایی لە یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لانیکەم تا سەرەتای ساڵی داهاتوو رووبەڕووی پارەی وزە بە بڕی 500 یۆرۆ ببێتەوە، چونکە لە ئێستادا بەراورد بە ساڵی 2021 بە نرخى وزە ڕێژەی 200% زیادیکردووە.

سامانتا دارت، ستراتیژیستێکی باڵای وزە لە کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس، پێشبینی دەکات کاریگەرییە ڕاستەقینەکانی  دۆخەکە لەبەردەمیان وەستابێت. ئەو دەڵێت: "ئەمە پرۆسەیەکی زۆر بە ئازارە و بە چەندین شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر دانیشتوانی ئەوروپا هەیە و خەڵکی ئاسایی تائـێستا هەستیان بە قورسایی تەواوی ئەم دۆخە نەکردووە."

لەلایەکى دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی لەسەر دۆزینەوەى چارەسەرێک، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزیرانی وزەی یەکێتی چەند پێشنیازێکیان خستۆتەڕو بۆ روبەڕوبونەوەى دۆخەکە.

زیاتر لە بارەى پێشنیازەکانەوە بزانە:

شارەزایان پێیان وایە، نزیکە لە مەحاڵەوە کە یەکێتی ئەوروپا بگاتە کۆدەنگی لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای وزە، چونکە ئەندامانی ئەوروپای رۆژهەڵات زیاتر پشت بە غاز و وزەی روسیا دەبەستن، وانگ یویی بەڕێوەبەری پەیمانگەی کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی رێنمین لە چین ، ڕۆژی دووشەممە بە گڵۆباڵ تایمزی راگەیاند: ئەو پێشنیازانە کە لەلایەن وەزیرانی وزەی ئەوروپاوە وروژێنراون تەنها "ڕووکەشن و خراپ دەکەونەوە"، بەتایبەت سنووردارکردنی قازانجی بەرهەمهێنەرانی وزەی ناغاز و پاڵپشتیکردنی پارەی وزەی ماڵان وەک زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپی پێشنیاریان کردووە، لە کاتێکدا نە توانیویانە سەرچاوەی نوێی وزە بکەنەوە و نە هاندەری توێژینەوە و پەرەپێدانی وزەی جێگرەوە.

وانگ وتی: ئەو ڕێوشوێنانەی ئێستا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە گیراونەتەبەر تەنیا بەکارهێنانی شێوازە نابازاڕییەکانە وەک چارەسەری کورتخایەن، کە دواجار بازاڕەکە تێکدەدات و زیانى گەورەى لێدەکەوێتەوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە لە کاتێکدا قەیرانی وزە خەریکى خواردنی ئابوری ئەوروپا و ژیانی خەڵکە، دەستی حکومەتەکان بەستراوەتەوە. لین بۆکیانگ، بەڕێوەبەری سەنتەری چین بۆ توێژینەوەی ئابووری وزە لە زانکۆی شیامن بە گڵۆباڵ تایمزی وتووە:"زستانی داهاتوو دەبێتە تەحەدایەکی چارەنووسساز بۆ وڵاتانی ئەوروپا".

لین ئاماژەی بەوەدا کە ململانێی لە نێوان روسیا و ئەوروپا تەنیا یەک براوەی هەیە کە ئەویش ئەمریکایە، ئەو پێى وایە، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشار لەسەر ئەوروپا دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لە دژی روسیا، ئەوەش لە کاتێکدا کە ئەوروپا بەدەست کەمیی وزە دەناڵێنێت، لە هەمان کاتدا ئەمەریکا لە هیچ هەوڵێک لە فرۆشتنی غاز و نەوت بە ئەوروپا و پەیداکردنی پارەیەکی زۆر نەوەستاوە، ئەمەش دەرخەرى ئەو راستییەیە کە براوەى یارییەکە ئەمەریکایە.

بلومبێرگى ئەڵمانى، لە زاری ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکاوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، ئەمەریکا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا نزیکەی سێ لەسەر چواری سەرجەم غازی شلکراوی خۆی بۆ ئەوروپا ناردووە، بەجۆرێک کە باری ڕۆژانەی بۆ ناوچەکە زیاتر لە سێ هێندە زیادیکردووە بە بەراورد بە تێکڕای ساڵی ڕابردوو.

ئەوروپا لە کاتی قەیرانی روسیا و ئۆکرانیادا دەبێتە ژێردەستە، بەڵام بە حوکمدان بە کاردانەوەکانی سەرکردەکانی ئەوروپا، ئەوان هێشتا بڕیاریانداوە زیاتر لە روسیا جیاببنەوە، سیاسەت و ئایدۆلۆژیا هەڵدەبژێرن بەسەر ژیانی خەڵک و ئابووریدا، لین وتی.

ئەو پێی وایە قەیرانی ئێستای وزە تەحەدایەكی گەورەیە بۆ حیکمەتی سیاسەتمەدارانی ئەوروپی و کاتی ئەوە هاتووە کە ئەوان تا ڕادەیەک بڕیار بدەن و بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە.

شارەزایانی چینی هۆشدارییان دا لەوەی کە قەیرانی ئێستای وزە تەنیا وێرانکاری لە ئابوری کیشوەرەکەدا ناکات، بەڵکو دەتوانێت لێکەوتەی سیاسیش لێبکەوێتەوە، وەک بەرزبوونەوەی پۆپۆلیزم، ئەوان پێیانوایە .

وانگ وتی،" بەرزبوونەوەی پۆپۆلیزم لە ئەوروپا زیاتر یەکێتی لەناو یەکێتی ئەوروپادا دەشکێنێت، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان برۆکسل و واشنتۆن تێکدەدات".

پرسیارەکە ئەوەیە، لە کاتێکدا یەکێتى ئەوروپا ماڵئاوایى لە وزەى روسیا دەکات، دەتوانێت بەرگەى لێکەوتە سەختەکانى قەیرانەکە بگرێت و یەکێتى، ناو یەکێتى ئەوروپا بپارێزێت؟

ئامادەکردنى؛ وریا فەتاح

326 جار خوێندراوەتەوە