دادگای باڵای بەریتانیا هەفتەی داهاتو بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەدات

KNN : Kurdish News Network
08:59 - 01/09/2022
جیهان

بڕیار وایە هەفتەی داهاتو دادگای باڵای بەریتانیا دانیشتنێکی تایبەت بە ناردنی پەنابەران بۆ رواندا ئەنجام بدات و بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە دەربکات.

حکومەتی بەریتانیا بودجەیەکی (120) ملیۆن یۆرۆی بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دابین کردوە و ئامانجیش لەو پلانەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی پەڕینەوەی پەنابەرانە لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.

بەپێی پلانی حکومەت هەر کۆچبەرێك بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە هاتبێتە ناو بەریتانیا رەوانەی رواندا دەکرێت تا کاتی یەکلاییبونەوەی دۆسیەکەی و حکومەتی ئەو وڵاتە بەڵێنی پاراستنی ئەو پەنابەرانەی داوە کە لە کەمپەکانی رواندا نیشتەجێیان دەکات.

بڕیار وابو حکومەتی بەریتانیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات و دادگای باڵای ئەو وڵاتە رێگەی بە حکومەت دا پەنابەران بنێرێتە رواندا.

بەڵام بەهۆی فشاری زۆر و بڕیاری دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە راگیرا و دادگای ئەوروپا پێی وابو ئەو بڕیارەی بەریتانیا دژی یاساکانی مافی مرۆڤە.

1214 جار خوێندراوەتەوە