توێژینەوەیەك: ئەو منداڵانەی کەمدەخەون قەڵەودەبن و زوتر نەخۆش دەکەون

KNN : Kurdish News Network
06:40 - 24/08/2022
تەندروستی
+
-

توێژینەوەیەك هۆشداری دەداتە کەمخەوی منداڵان و ئاماژە بەوە دەکات بەردەوام بونیان لەسەر کەمخەوی کاردەکاتە سەر تەندروستییان لە تەمەنێکی کەمدا دوچاری چەند نەخۆشییەك دەبنەوە.

 

ماڵپەڕی دەیلی مەیڵ ئەنجامی توێژینەوەیەکی ناوەندی نیشتیمانی ئیسپانیای بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتوە، ئەو منداڵانەی کەمتر لە حەوت کاتژمێر دەخەون ئەگەری توشبونیان بە قەڵەوی 70%یە بەراورد بە ئەوانەی پشوی تەواو وەردەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو منداڵانەی لە رۆژێکدا هەشت کاتژمێر دەخەون، پارێزگاری لە تەندروستییان دەکەن و ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی کەمە.

 

ناوەندەکە رایگەیاند: هەر کاتێك منداڵ کەم خەوت، جەستە هەڵدەستێت بە دەردانی هۆڕمۆنی گریلین کە ناسراوە بە هۆڕمۆنی برسێتی کە وا لە کەسەکە دەکات خواردن زیاتر بخوات و ژەمەکانی زیاتر بێت.

 

لە توێژینەوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەو منداڵانەی کەم خەون لە تەمەنێکی زودا دوچاری نەخۆشی درێژخایەن دەبنەوە و جەستەیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

دەستەی تەندروستی گشتی بەریتانیاش ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە کاتی منداڵەکانیان رێکبخەن و پێویستە لە رۆژێکدا حەوت بۆ 11 کاتژمێر بخەون بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گەشە و تەندروستییان بکەن.

231 جار خوێندراوەتەوە