عێراق؛ ئەو وڵاتەی پێش 70 ساڵ لەمەوبەر لە لوتکەی پێشکەوتندابو

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 18/08/2022
ڕاپۆرت
+
-

زانکۆکان و کارگەکانی یەکەم بون لەسەر ئاستی ناوچەکە... شمەکیان هەناردەی هەمو جیهان دەکرد.. کشتوکاڵەکەی بەشی نیوەی وڵاتانی عەرەبی دەکرد.. وڵاتەکە منارەی رۆشنبیری و قیبلەی گەشتیاران بو... دو وڵاتی عەرەبی داوایان کردبو یەک بگرن لەگەڵیدا... بە سەدان هەزارتۆن گەنمی هەناردەی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا دەکرد.. هاوکاری ئیماراتی دەکرد و ئاوی پاکی خواردنەوەی گەیاندە دانیشتوانەکەی...شاری بەغدادی پایتەختی عێراق پێش 70 ساڵ لەمەوبەر. ئەو وڵاتەی لە رابردودا لە لوتکەی پێشکەوتندابو، ئێستاشی وێرانەیە و داهاتوشی نادیارە.

لەم راپۆرتەدا سەرگوزەشتەییەک بەمێژوی نزیکی عێراقدا دەکەین و دەتانگەڕێنینەوە بۆ ئەو سەردەمەی لەبری توک توک پاسی دو نهۆمی هاتوچۆی بە خەڵک دەکرد و گەشتیارانی جیهان سەردانیان دەکرد و خەڵکەکەی بە پاسپۆرتە بەهێزەکەیەوە وڵاتانی ئەوروپی دەگەڕان.

عێراق لە مێژوودا بە وڵاتی دوو ڕووبار ناسراوە مێژووی ئەم ناوچەیە بۆ ١٠ ھەزار ساڵ زیاتر دەگەڕێتەوە.... خاوەن میرات ومیژوویەکی زۆر دوور و درێژە، سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان بابلییەکان، لە نەتەوە دێرینەکانی ئەم وڵاتەنکە خاوەنی شارستانییەتییەکی بەرزبووە... واز لەو مێژوە دەهێنین و نزیکتر دەبینەوە... دێینە ساڵی 1921 کاتێک کۆماری عێراق لەسەر شێوازی سیستمی حوکمڕانی پاشایەتیدامەزرا و دواتر لە ساڵی 1958 بە شۆڕشی ١٤ی تەممووز کۆتایی هات و سیستمی کۆماری بەرقەرار بو... پاشان لە ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٨ چەندین کوودەتای سەربازی لە عێراقدا ئەنجامدران، کە دوایینیان کوودەتای بەعسییەکان بوو.. دەسەڵاتەکەیان تا ساڵی 2003 بەردەوام بو و بە روخانی سەدامی دیکتاتۆر کۆتایی هات.

رەنگە بەلای تۆی خوێنەرەوە نوێ بێت کە بڵێین، لە رابردودا و دور لە روداو سیاسیی و سەربازییەکان.. عێراق لە بوارەکانی خوێندن و پزیشکی و فڕۆکەوانی و کشتوکاڵ و پیشەسازی.. سەرقافڵەی وڵاتانی ناوچەکە بو.. وڵاتێک کە ساڵی 1937دا لەلایەن شانشنی ئوردنی هاشمی یەوە پێشنیاری بۆ کرا بێنە سەر عێراق، دو ساڵ دواتریش هەمان داوا لەلایەن کوەیتەوە پێشکەشکرا.

لە ساڵی 1952دا، بەریتانیا 50 ملیۆن دۆلار قەرزاری عێراق بو، ئەو کات وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی بەریتانیان بانگهێشت کرد و داوایان کردەوە بەریتانیا قەرزەکانیان بداتەوە.

ساڵی 1956 هەناردەی عێراق لە گەنم گەیشتە سێ ملیۆن تۆن بۆ وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا  و ئیتاڵیا.. ساڵی 1959 جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسر نۆکەندی سوێسی داخست لەبەرامبەر کەشتییە عێراقییەکان کە شمەکیان بۆ ئەوروپا دەگواستەوە ئەوەش بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی عەبدولکەریم قاسم.. ساڵی 1964 ئاستی هاوبەشی کەرتی تایبەت لە بەرهەمهێنانی نیشتیمانی بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ گەیشتە 64٪.... تەنانەت ساڵی 1967 عێراق هاوکاریی مرۆیی گەیاندە دورگەکانی ئیمارات و چوار ملیۆن مەتر چوارگۆشەی ئاوی پاکی خواردنەوە و 50 هەزار تۆن لە ئارد و 17 هەزار پارچە جل و پێنج هەزار تۆن خورمای بۆ رەوانەکردن.. لە کارگەکانی بابلەوە لە ساڵی 1968، 200 بارهەڵگر جلوبەرگی رەوانەی میسر کرد بەهۆی نسکۆی حوزەیرانەوە... لە ساڵی 1971دا ژمارەی گەشتیارانی عێراقی لە ئەوروپا و لوبنان گەیشتە 70 هەزار کەس کە دانیشتوانی ئەوکاتی عێراق هەشت ملیۆن کەس بوە... شارەکانی بەغداد و بەسرە ببونە قیبلەی گەشتیارانی بیانی... لە ئاستی رۆشنبیریشدا منارەی ناوچەکە بو... خاوەنی هێڵی ئاسمانی تایبەت بە خۆی بو... لەبری توک توکی ئێستای شەقامەکان.. خاوەن پاسی دو نهۆمی بو بۆ گواستنەوە...بەڵام سیاسەتە چەوتەکانی ئەوکاتی دەسەڵاتدارانی عێراق تا ساڵی 2003 و پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە.. قۆناغێکی نوێی دروست کرد.. ئەو قۆناغەی عێراقییەکان خوازیاربون بگەنە لوتەی پێشکەوتن و دیموکراسی و کرانەوە.. بەڵام بە پێچەوانەوە.. عێراق کەوتە لێواری جەنگی ناوخۆیی و وێرانی ئابوری و قەرزاری و ململانێی تائیفی و ئاینی  ودەستوەردانی وڵاتان.

 ببوە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان کە دواجار عێراق لەو وڵاتەی کە بەریتانیا قەرزادری بو.. بو بە وڵاتێک کە تاساڵی 2015.. 223 ملیار دۆلار کەوتە ژێر قەرزەوە، بەهای دینار دابەزی... بێکاری وڵاتەکەی گرتەوە.. داعش کردی بە نیشتیمانی دروستکردنی خەلافەتەکەی.

دۆخی عێراقییەکان پێچەوانەی هاوڵاتیانی ناوچەکەیە.. ئێستا ئەو وڵاتانەی لە رابردودا عێراق هاوکاری دەکردن... لە سەری سەرەوەی وڵاتە پێشکەوتوەکان.. عێراقیش بەدەست نەبونی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و ململانێی تائیفی و دەستوەردانی وڵاتانەوە دەناڵێنێت و دۆخی ئێستایان بوە بە وێرانە و دۆزەخ و داهاتوش نادیارە کە ئاخۆ رۆژێک دێت عێراق نەک پێشکەوێت.. بەڵکو بگەڕێتەوە 70 ساڵ لەمەوبەر.

165 جار خوێندراوەتەوە