مەکتەبی سیاسی پارتی: بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت هەمو لایەنەکان رێکبکەون

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 13/08/2022
کوردستان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایەگەندراوێکی لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی و باشترکردنی دۆخی عێراق دەکرێت هەمو لایەنەکان رێککەوتنێك لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخستە بکەن.

 

 

ئەمڕۆ شەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردنی ساڵی رابردو بونە تەگەژەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق، وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو. 

 

مەکتەبی سیاسی پارتی داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی عێراق دەکات کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغی ئێستادابن.

 

پارتی داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات ھەنگاوی جیدی و پێویست بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار بەپێی دەستوری عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. 

 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا مەکتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاند: لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت و ھەمو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان رازیبن.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. روونە کە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەژەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو.

لەڕوانگەی ھەستکردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

ھەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.

78 جار خوێندراوەتەوە