دەرکەوتنى پەڵەى سپى سەر نینۆک لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 13/07/2022
تەندروستی

دەركەوتنی پەڵەی سپی لەسەر نینۆكەكان یەكێكە لە حاڵەتە بڵاوەكان و لای زۆر كەس دروست دەبێت، پسپۆڕانی تەندروستیش دەڵێن، دەركەوتنی چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە كێشەی جوانكاری یاخود كەمی ڤیتامین، بەڵام لەئێستادا باس لەوە دەكرێت، ئەگەر هەیە پەڵەكە نیشانەی نەخۆشییەكی مەترسیدار بێت.

ماڵپەڕی  The Healthy  پزیشكی لەزاری چەند پسپۆڕێكەوە باسی لەوەكردووە، زۆرینەی پەڵەكان بەشێوەیەكی ئاسان كاتێك دروست دەبن كە زەبرێك بەر نینۆك دەكەوێت، بۆ ئەوەش پەڵەكە ماوەیەكی پێویستە تا ون دەبێت، بەڵام دروستبونی ئەو جۆرەی نیشانەی نەخۆشی مەترسیدارە، ئەگەرێكی زۆر كەمە.

سۆنیتا بۆسینا پزیشكێكی پسپۆڕی ئەمریكییە و ئاماژە بەوە دەكات، گەشەی نینۆك بەپێی وەرزی و كەشوهەوا و پەلەی گەرمی دەگۆڕێت، ئەو پەڵەیەش كە دروست دەبێت لەگەڵ گەشەی نینۆكەكەدا ون دەبێت، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا نینۆك خێراتر گەشە دەكات، ئەوەش وادەكات پەڵەكە زوتر دیارنەمێنێت، بەڵام لە وەرزی هاوین و كاتی گەرما ماوەیەكی زیاتر پێدەچێت.

هۆكارێكی دیكەی دروستبونی پەڵەی سپی كە زیاتر لە خانماندا دەبێت هەستیارییە، بەتایبەت بە بۆیەی نینۆك و ئەو ماددەیەی بۆیەكەی پێ لادەبرێت، لەگەڵ بەكارنەهێنانی ئەو ماددانەش هەستیارییەكە نامێنێت.

ئەو كەڕووەی توشی پەنجەكان دەبێت، یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی دروستبونی پەڵە لەسەر نینۆك، ئەمە زیاتر لەسەر نینۆكەكانی قاچ دروست دەبێت، ئەگەر هەیە نەخۆشییە گەشە بكات و لەسەر ڕوی نینۆك بڵاوبێتەوە.

هۆكارێكی بڵاوی دروستبونی پەڵەی نینۆك نەخۆشییەكانی پێستە، بە تایبەت ئەكزیما و سەدەفی كە زۆرجار دەبنە هۆی دروستبونی پەڵە لەسەر نینۆك.

لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا دروستبونی پەڵەی نینۆك هۆكاری دیكەی هەیە كە ڕەنگە مەترسیدار بێت وەك نەمانی بەرگری و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و سستبونی گورچیلە.

پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن ئەگەر كەسێك پەڵەی سەر نینۆكی هەبێت و هیچ كام لەو گرفتانەی لەسەر باسكران نەیبوو، باشترە سەردانی پزیشك بكات و ڕاوێژێك بە كەسانی پسپۆڕ بكات، بەتایبەت ئەگەر هەناسە توندی و ئازاری سنگ و ناڕێكی لە لێدانەكانی دڵدا هەبوو.

703 جار خوێندراوەتەوە