رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2020دا لە سەرانسەری
جیهاندا نزیکەی 284 ملیۆن کەس لە تەمەنی نێوان 15 – 64 ساڵی ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە،
لە ساڵی 2010ەوە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر 26٪ زیادیکردوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەلایەن نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان
بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان (UNODC)ەوە لە
بارهگای ڤیەننای رێکخراوەکە بەڕێوەچو، راپۆرتی جیهانی 2022 لەبارەی ماددەی هۆشبەر
بۆ رای گشتیی بڵاوکرایەوە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە 2010 بۆ 2020 بەکارهێنانی ماددەی
هۆشبەر 26٪ زیادیکردوە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە 6٪ی ژمارەی دانیشتوان لە نێوان
تەمەنی 15 بۆ 64 ساڵی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەکارهێنانی
ماددەی هۆشبەرەوە نەخۆش کەوتون و چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەرن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی
کردوە و، لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا ژمارەی ئەوانەی دوچاری نەخۆشی جۆراوجۆربون بەهۆی
ئالودەبون بە ماددەی هۆشبەر بەرزبوەتەوە بۆ 38.6 ملیۆن کەس.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ساڵی 2020دا لە سەرانسەری جیهاندا
نزیکەی 284 ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، تاکەکانیش دوچاری ئاستهنگی زۆر
بون لە وەرگرتنی چارەسەردا.
ماریگوانا
لە هەمو هۆشبەرەکانی دیکە زیاتر بەکاردێت
لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لەسەر ئاستی جیهان، ماریگوانا زیاتر
لە هەمو ماددە هۆشبەرەکانی دیکە بەکاردەهێندرێت، لە 2020دا 209 ملیۆن کەس لەسەر
ئاستی جیهان ئەم ماددەیەیان بەکارهێناوە، لە 10 ساڵی رابردودا رێژەی بەکارهێنانی ئەم
ماددەیە 26٪ زیادیکردوە.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو کە 61 ملیۆن کەس ئەفیۆن، 34
ملیۆن کەس ماددە هۆشبەرەکانی جۆری ئامفێتامین، 20 ملیۆن کەس حەبی هۆشبەر و 21 ملیۆن
کەسیش کۆکاینیان بەکارهێناوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە 2020دا 11 ملیۆن و 200 هەزار کەس دەرزی تایبەت
بە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و لەو ژمارەیەش 1.4 ملیۆنیان ڤایرۆسی ئایدز، 1.2 ملیۆنیان
ڤایرۆسی جگەر و ئایدز و پێنج ملیۆن و 500 هەزاریان ڤایرۆسی جگەریان بۆ گوازراوەتەوە.
ئەو کەسانەی دەرزی ماددەی هۆشبەر بەکاردێنن بە رێژەی 35٪ ئەگەری توشبونیان
بە نەخۆشی ئایدز، زیاترە.
لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو کەسانەش خراوەتەڕو کە بەهۆی بەکارهێنانی
ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ژمارەکە بە شێوەیەکی
بەرچاو هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە، لە نێوان ساڵانی 2009-2019دا رێژەی گیان لەدەستدان
بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر له 17.5٪ زیادیکردوە.
لە ساڵی 2019دا نزیکەی نیو ملیۆن کەس بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە
گیانیان لەدەستداوە
لە ساڵی 2019دا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە 494 هەزار کەس گیانیان
لەدەستداوە. بەتایبەت لە ئەمریکا و کەنەدا بەرزترین رێژەی گیان لەدەستدان بە ماددەی
هۆشبەر، تۆمارکراوە.
تەنها لە ساڵانی 2019-2020 لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، 93 هەزار
کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرهەمهێنان
و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر
لە راپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە بە نزیکەیی چاندنی گیا شادانە
(ماریگوانا) لە تەواوی وڵاتان هەیە، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە داری کۆکا کە بۆ بەرهەمهێنانی
تلیاک و کۆکاین بەکار دەهێندرێت تەنها لە ژمارەیەک وڵاتی دیاریکراو بەرهەم دەهێندرێت.
بەم پێیە لە سەرتاسەری جیهاندا بە رێژەی لە سەدا 95 تلیاک لە ئەفغانستان،
میانمار و مەکسیک بەرهەم دەهێندرێت و داری کۆکایش لە کۆڵۆمبیا، پێرو و بۆلیڤا دەچێندرێت.
بەرهەمهێنانی کۆکاین لە لوتکەدایە
لە راپۆرتەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە بەرهەمهێنانی تلیاک لە 2021دا
بە بەراورد بە ساڵی پێشوتر لە سەدا حەوت کەمی کردوە و بە تێکڕایی حەوت هەزار و 930
تۆن بەرهەم هێندراوە، لە بەرامبەردا بەرهەمهێنانی کۆکاین لە 11٪ زیادی کردوە و گەیشتوەتە
هەزار و 982 تۆن، جەختیش لەوە کراوەتەوه کە ئەمە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کۆکاینە
تا ئێستا تۆمار کرابێت.
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ
لە راپۆرتەکەدا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە قۆناغی پەتای ڤایرۆسی
کۆرۆنای نوێیشدا بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و گواستنەوەی مادەی هۆشبەر کەمبونەوەیەکی
ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەتایبەت لە ماوهی کەرەنتیندا بەکارهێنانی
ماددەی دەستکرد لە سەرویانەوە بەنگ زیادی کردوە، سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە ئێستا
ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن لەنێو ئەوانەدان کە بە هۆکاری جۆراوجۆر نایانەوێت
ڤاکسین وەربگرن.
240 جار خوێندراوەتەوە