وەزیری بازرگانی: هەرێم دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ

KNN : Kurdish News Network
12:52 - 23/06/2022
کوردستان
+
-

وەزیری بازرگانی هەرێم سەردانی عەلوەی هاوچەرخی هەولێری کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بارەی دۆخی بازاڕ و نرخی پێداویستییەک خۆراکییەوە ئەنجامدا و رایگەیاند: هەرێم دەبێتە ناوەندێکى بازرگانی گرنگ و دەمانەوێت لێرەوە خۆراك بۆ وڵاتانیش بنێرن.

 

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی هەرێم رایگەیاند: پێویستە خۆراك لە شوێنی گونجاودا کۆگا بکەین بۆ ئەوەی خراپ نەبێت و لە دەرەوە هاوردەی نەکەین و عەلوەی هاوچەرخی هەولێر کۆگای ساردکەرەوەی هەیە و چەندین جار گلەیی شوێنی هەڵگرتنی بەربومەکان کراوە و هیوادارین کۆگای لەو جۆرە زیاد بکرێن بۆ ئەوەی بەربومەکان بە فیڕۆ نەچن.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، هەرێم دەبێتە ناوەندێکى بازرگانی گرنگ و دەیانەوێت خۆراك بۆ وڵاتانیش بنێرن.

 

راشیگەیاند: سەنتەرێکی توێژینەوە بۆ خانوە پلاستیکییەکان پێك دەهێنرێت لە ژێر سەرپەرشتی خەڵکی شارەزای دەرەوەی هەرێم.

 

کەمال موسلیم دەشڵێت: لە رێگەی خانوە پلاستیکییەکانەوە دەتوانن قەرەبوی بەرهەم هێنانی پێداویستی خۆراکی بکەن لەو ناوچانەی کە بە هۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمەکانیان لە ناوچون.

لە بارەی هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراك لە هەرێمدا وەزیری بازرگانی رایگەیاند: چەند هۆکارێك هەیە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی هەرێمن کە دیارترینیان بە گشتی بەرزبونەوەی نرخی خۆراکە لە جیهاندا.

 

باسی لەوەشکردوە،  تاکە هۆکارێك هەیە کە حکومەتی هەرێم لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراك لێی بەرپرسە، ئەوەشیان پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندییەوە هەیە کە نرخی دۆلاری بەرزکردوەتەوە و بەمەش گۆڕانکاری بەسەر نرخی خۆراکدا هات.

 

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا هەوڵدەدەن نەهێڵن نرخی پێداویستی خۆراکی لە هەرێمدا لەوە زیاتر بێت.

238 جار خوێندراوەتەوە