کازمی: حکومەت پێویستی بە بودجە و سەقامگیرییە

KNN : Kurdish News Network
05:37 - 14/06/2022
عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق به‌پێویستی دەزانێت زانی لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسیاریێتی بەرامبەر بە گەل لەئەستۆ بگرن و هۆشداریش دەدات لەوەی وڵات لەوە زیاتر بەرگە ناکرێت و حکومەت پێویستی بە بودجە و سەقامگیرییە بۆ ئەوەی بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوازرییەکان.

نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچو رایگەیاندوە: "لەم رۆژانەدا، کەوتنی موسڵ بەدەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەبیردەھێنینەوە، ئەو روداوە وامان لێ دەکات، بیر لەو ھۆکارانە بکەینەوە کە بونە ھۆی ئەو روداوە، نابێت ئەوەی لە ھەشت ساڵ لەمەومەبەر لە کەوتنی موسڵ رویدا، دوبارە ببێتەوە".

کازمی وتی: "پێویستە ئەمڕۆ بیر لە ئێستا و ئایندەمان بکەینەوە، دەبێت پەند وەربگرین لە روداوەکانی ساڵانی رابردو، پێویستە بەھەمو توانمانەوە کار بکەین لەپێناو ئایندەی نەوەکمان".

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەیشی خستوەتەڕو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رەوشی ئەمنییەوە رایگەیاندوە: "ئەمڕۆ رەوشی ئاسایش و سنورەکان بەشێوەیەکی زۆر باش بە ھەوڵ و قوربانییەکانی ھێزە ئەمنییەکان پارێزراون، رۆژانە خۆم سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەم، ھەروەھا ھێزەکانمان ئامادەن بۆ بەرگرییکردن لە عێراق و ھەمو عێراقییەکان".

باسی لەوەش کردوە "ناچمە ناو باسی سیاسەتەوە، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی بەرامبەر گەل و نیشتمان لەئەستۆ بگرن".

ئەوەیشی وەبیرھێناوەتەوە کە حکومەتی ئێستا، بەرەوڕوی رەوشی سەخت بوه‌ته‌وه‌ و لە رێگای گرتنەبەری چەندین رێوشوێنەوە توانیوێتی تێیپه‌ڕێنێت و گوتی:" وڵات لەوە زیاتر بەرگە ناکرێت و حکومەت پێویستی بە بودجە و سەقامگیرییە بۆ ئەوەی بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوازرییەکان بۆ ھاوڵاتییان".

82 جار خوێندراوەتەوە