تەنها لە ماوەى دو رۆژدا دو هەزار کەس بەهۆى توشبونیان بە سکچون و رشانەوە
سەردانى بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى شاریان کردووە، پسپۆڕێکى هەناویش دەڵێت: گومان
دەکەین کۆلێرا لە سلێمانى بڵاوببێتەوە.
دکتۆر. بڕوا محەمەد پسپۆڕی هەناوى لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى، بە (کەى
ئێن ئێن)ى راگەیاند: تەنها لە ماوەى نێوان رۆژانى پێنجشەممەى رابردو تا رۆژى
شەممە، نزیکەى دوو هەزار نەخۆش سەردانى بەشى فریاکەوتنیان کردووە و توشى سکچون و
رشانەوە بون.
رونیشى کردەوە، ئەو نەخۆشانەى دێن سکچون و رشانەوەیان هەیە ئەوەش لە هەموو
وەرزێکى گەرمادا رودەدا، بەڵام ئەوەى ئەمجارە جیاوازترە، چونکە وشکبونەوەیەکى
زۆریان لەگەڵدایە و گورچیلەیان بەرەو سستبون دەڕوات ئەوەش پێویستى بە چارەسەرکردنى
زۆر خێرایە.
دکتۆر. بڕوا محەمەد باسى لەوەشکرد، بە وردبونەوە لە نیشانەکان "گومانیش
دەکرێت نەخۆشى کۆلێرا لە سلێمانى بڵاوببێتەوە"، هەر بۆیە پشکنینەکان نێردراون تا دڵنیاببنەوە.
دەشڵێت: ئێستا قاوشێکمان تایبەت کردووە بە سکچون و رشانەوە، جگە لەوەش قاوشێکى
دیکەى تایبەت هەیە کە 40 بۆ 50 کەیسى تێدایە بۆ چارەسەرى سەرەتایى.
ئاشکراشى دەکات، ئێستا شوێنێکى بەتاڵ نەماوە 20 بۆ 30 نەخۆش لەسەر زەوى
کەوتوون.
لەبارەى ئەوەى ئەو کەسانە کێن کە توشى سکچون و رشانەوە دەبن، دکتۆر. بڕوا محەمەد
وتى،" زۆربەى زۆرى ئەو کەسانەن کە خواردنى دەرەوە دەخۆن، بەتایبەت خواردنى
دانەپۆشراو، بەتایبەت گەشتیارانى عەرەب کە زۆربەیان توشى سکچون و رشانەوەبون.
نیشانەکانى کۆلێرا:
یەکەم: سکچون و رشانەوەى بەهێز
دووەم: رشانەوە وەک ئاوى برنج وایە
مەترسییەکانى کۆلێرا:
مەترسییەکەى ئەوەیە کەسەکە زۆر وشک دەبێتەوە ئەگەر زو چارەسەر نەکرێت
گورچیلەى دەوەستێت یان توشى لەهۆشخۆچون و هەتا مردنیش دەبێت.
565 جار خوێندراوەتەوە