دوای ئەوەی چەند رێکخراوێك لە دژی بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا سکاڵایان لە دادگای باڵای بەریتانیا تۆمارکرد، دادگای باڵای ئەو وڵاتە سەرجەم ئەو سکاڵایانەی رەتکردەوە.
ئەمڕۆ هەیینی، دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاریدا هەفتەی داهاتو یەکەم کاروانی کۆچبەران بۆ رواندا رەوانە بکرێت.
دادوەری دادگا سکاڵای چەند رێکخراوێکی لەبارەی نەناردنی کۆچبەرە نایاساییەکانەوە رەتکردەوە، کە ماوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر داوایانکردبو حکومەتی بەریتانیا لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە و دژی مافی مرۆڤە.
بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە (30) کۆچبەر کە بە نایاسایی گەیشتونەتە بەریتانیا تکتی فرۆکەی یەك سەرییان بۆ رواندا بۆ بڕواوە و لە ناوەڕاستی ئەم مانگە گەشتەکەیان دەستپێدەکات.
چالاکوانانی بەریتانیا دەڵێت: پلانی حکومەتی بەریتانیابۆ کۆچبەران سەلامەت نییە و پارێزەران نزیکەی (100) دۆسییەی پەنابەرانیان رەوانەی دادگا کردوە بۆ ئەوەی بۆ رواندایان نەنێرن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێی وایە ئەو سیاسەتە رێکارێکی باشە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی ئاوەکانی کەناڵی ئینگلیز نەبڕن و لە فەڕەنساوە نەیەنە ناو خاکی بەریتانیا.
هاوکات، دادگای باڵای بەریتانیا جەختی لەوەکردوەتەوە دوەمین گەشتی کۆچبەران لە هەمان رۆژدا دەبێت و حکومەتی ئەو وڵاتە بەپێی پلانی خۆی ئەو کەسانە لە کەمپەکانی رواندا نیشتەجێ بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەنگۆی ناردنی کۆچبەرە نایاساییەکانی بەریتانیا بۆ رواندا بڵاوبوەوە و لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا حکومەتی بەریتانیا ئەو بڕیارەی دەرکرد، دواتر لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا...
5424 جار خوێندراوەتەوە