ماوەی نزیکەی چوار ساڵە پرسی هاوردەکردنی جگەرە
بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەی قاچاخ بوەتە جێی مشتومڕی جدی، بەشێوەیەک کە باس لەوە دەکرێت
زۆربەی ئەو جگەرەیەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمدا هەن بە قاچاخ هاوردەکرداون و باج و
گومرگیان بۆ نەدراوە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی دەستەی گومرگی عێراق و وەزارەتی
دارایی هەرێم، گومرگی هاوردەکردنی جگەرە بە رێژەی %30 بەهاکەیەتی و بڕی ئەو باجەش
کە دەچێتە سەری %100ی بەهای هەر کارتۆنێک جگەرەیە، بەم پێیەش ئەگەر کارتۆنێک جگەرە
نرخە سەرەتاییەکەی 100 دۆلار بێت و بە شێوەیەکی یاسایی هاوردە بکرێت ئەوا دەبێت بڕی
130 دۆلار بدرێت بە حکومەت لەبری رسومی گومرگی و باج، کە نرخى کۆتایی کارتۆنە جگەرەکە
دەبێتە 230 دۆلار.
کەی ئێن ئێن زانیویەتی ئێستا کۆی ئەو جگەرەیەی
لە بازاڕەکانی هەرێمدا هەیە بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی هاوردەکراون و بۆ هەر کارتۆنێک
بڕی 30 تا 50 دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیایەک کە لە بەرپرسانی حزبییەوە نزیکە و بە شێوەی
قاچاخ و بە گرەنتیی جگەرەکە هاوردە دەکات،
لەگەڵ ئەوەشدا بڕێکی کەم جگەرە بە رێکارە یاساییەکان داخڵ دەبێت، ئەویش ئەو جگەرەیەیە
کە بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق دەچێت، چونکە بەبێ بونی وەرەقەی گومرگ رێگە نادرێت
لە بازگەکان تێپەڕن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە چەند پەرلەمانتارێک
بڵاویانکردوەتەوە لە دەروازەیەکی سنوریی وەکو باشماخ، مانگانە نزیکەی 300 هەزار
کارتۆن جگەرە بە شێوەی یاسایی هاوردەکراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لەبری ئەوە کۆی
ئەو بڕە بە قاچاخ هاوردە دەکرێت، رێژەى هاوردەکردنى جگەرە بە شێوەى فەرمى نزیکبووەتەوە
لە سفر.
بەشێک لەو جگەرە هاوردەکراوەی کە بە قاچاخ
هاوردەی هەرێم دەکرێت، هەر بە قاچاخ لە رێگەی خاڵی سنوریی سێمێلکاوە دەنێردرێت بۆ
رۆژئاوای کوردستان و سوریا.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە بازگەکانی نێوان هەولێر
و سلێمانیدا، بۆ تێپەڕینی هەر کارتۆنێک جگەرە، بەدەر لە یاسا بڕی 10 دۆلار وەردەگیرێت
بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.
گرنگترین هەنگاو بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە، بریتییە
لە کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی لە دەروازە و خاڵە سنورییەکان، ئەوەش بڕیاری بەرپرسانی
باڵای حکومەتی پێویستە و دەبێت بەزویی ئەو بڕیارە بدرێت، چونکە تا ئەوە نەکرێت
نازانرێت ئەو جگەرەیەی کە بە قاچاخ هاوردە دەکرێت کوالێتی و جۆرەکەی چۆنە، ئەوەش زیانی
گەورە بە تەندروستی گشتی دەگەیەنێت و لێکەوتەی وێرانکەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.
190 جار خوێندراوەتەوە